رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچەی مانگەکانی کۆتایی ئەم ساڵ سەردانی بەغدا دەکات. سەرچاوەیەکیش دەڵێت، "داهاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا بۆ بەغدا نەنێردراوە."
ئەمڕۆ شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندەکەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب دەچێتە بەغدا و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە: "ئەم سەردانە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەم ساڵ و هەمواری یاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی 2025".
ئەندامانی شاندەکە بریتین لە ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەت، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی و هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لەگەڵ هەندێ راوێژکاری پەیوەندیدار.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا نەنێردراوە، هەرێمی کوردستان جارێ نیەتی عێراق نازانێت، بۆیە داهاتی ناوخۆش جارێ نەنێردراوە."
ئەو سەرچاوەیە گوتی، "وردبینی لە لیستی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 تەواو بووە، لیستی مووچەی مانگی 12ش لە وردبینی دایە."
هەر بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر گواستنەوەى 430 ملیار داوە، تەنیا جێبەجێ کردنەکەی ماوە، لە سەردانی سبەی شاندەکە پرسیار دەکرێت بۆچی گواستنەوەکە جێبەجێ ناکرێت."
رۆژی 18-10-2024 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا، ئەمڕۆ 57 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ