گالەری

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە 13-12-2023، پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ جلوبەرگ و یەکەم پێشانگەی جوانکاری لە هۆڵی پێشانگەکانی پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر، کرانەوە.
 
پێشانگەکە دوو بەشە، بەشی یەکەم بریتیە لە کۆسمەتیک یان جوانکاری، کرێم و بابەتەکانی پێست و چارەسەری پێست، جوانکاری ددان، قژ و بەرهەمەکانی چارەسەری قژ، بۆن و چەند بەشێکی دیکە. بەشی دووەم بریتیە لە فاشیۆن و مۆدێلەکانی جلوبەرگ.
 
هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە بۆ هاوردە زیاتر کراوەتەوە، بەتایبەت لە هاوردەکردنی بابەتەکانی جوانکاری و ماکیاژ و کرێم و ئەو پێویستییانەی ژنان لە جوانکاریدا بەکاری دەهێنن.
 
ئێستا چەندین ئەپ و کۆمپانیا هەن کە تەنیا بە هەڵبژاردنی کاڵاکە پاش چەند رۆژێک دەهێنرێن بۆ هەولێر یان شارەکانی دیکە و دەگەنە دەستی کڕیار، بەڵام زۆریی و خراپی شێوازی پێشاندانی ئەو بەرهەمانە و تێکەڵبوونی بەرهەمی خراپ لەگەڵ بڕاند و بەرهەمە باشەکان ئاستەنگی بەردەم ئەو بازاڕەیە.
 
ریکلام بۆ شامپۆ و کرێم و جوانکاری دیکە لەلایەن کەسایەتییە ناسراوەکانی نێو تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەشێکی ئەو بازاڕەی گرتووە، بەڵام زۆر جار ئەوانەی تووشی کڕینی کاڵای خراپ دەبن، گلەیی لە نەبوونی چاودێرییەکی تووند لە ریکلامکردن بۆ ئەو کاڵایانە دەکەن، بۆیە کۆکردنەوەی 300 براند لە شوێنێکدا دەرفەتێکە لە نێوان کڕیار و فرۆشیار بۆ روونکردنەوەی کاڵای نمایشکراو، بەتایبەت لە کەرەستەکانی جوانکاریدا.
 
گۆران سەعد عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەم پێشانگایەدا 135 کۆمپانیا لە 15 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن کە وڵاتانی ئیتاڵیا، تورکیا، بەریتانیا، چین، ئێران، ھیند، مەغریب و میسر و چەند وڵاتێکی دیکەیان تێدایە.
 
گۆران سەعد ئاماژە بەوەش کرد، 80%ـی کۆمپانیاکان بیانین و 20%ـی خۆماڵین.
 
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ جلوبەرگ و جوانکاری، رۆژانە لە کاژێر 11:00 تاوەکو 20:00 کراوەیە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.