رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا نرخی گەشتکردن بۆ عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتی حەج و عومرە لە کەرکووک دەڵێت، ئەوان گەشتی وشکانی بە 450 دۆلار ئامادە دەکەن و هاونیشتمانییان لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانیان دەکەن. وەزارەتی ئەوقافیش رێگەکە بە سەلامەت نازانێت و دەڵێت، رێگە بە گەشتی وشکانیی نادەن.
هێمن عەبدوڵڵا، خاوەنی کۆمپانیایەکی حەج و عومرە لە کەرکووک رۆژی چوارشەممە 14-12-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە گەشتی عومرە لە رێگەی وشکانییەوە رێکدەخەین بە 450 دۆلار، کە لەگەڵ گەشتەکەدا لەسەر هەمان پارە هۆتێل و هاتووچۆی نێو شارەکان دابینکراوە، کەسانێکیش خزمەتگوزاریی باشتر و زیاتریان بوێت نرخەکەی دەبێتە 550 دۆلار."
هێمن عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، هەشت پاسیان لە وشکانییەوە گەشتیان بۆ وڵاتی سعودییە کردووە. گوتیشی: "20ـی ئەم مانگە پاسێکی دیکەمان گەشت دەکات 45 کەسن زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە هاتوون، 25ـی مانگیش 3 پاسی دیکەمان بەڕێدەکەوێت."
خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی حەج و عومرە لە کەرکووک باسی لەوەش کرد، بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە هاونیشتمانییەکی زۆر ناویان بۆ عومرەکردن تۆمارکردووە.
گەشتی وشکانیی بۆ سعودییە 25 بۆ 30 کاژێر کاتی دەوێت.
نرخی عومرەکردن لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوەیە، گەیشتووە زیاتر لە هەزار دۆلار و رێگەی گەشتکردنی وشکانیی نادرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆش رێگە بە گەشتی وشکانیی نادەن؛ لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی: "دڵنیانین لە سەلامەتی گیانی عومرەکاران بە رێگەی وشکانی و رێگەیەکی ترسناکە."
دووشەممەی رابردوو، نیاز شێخ راغب، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەڵکێکی زۆر لە رۆژی 23ی ئەم مانگەوە بۆ 3ی کانوونی دووەمی 2023 ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی عومرە بکەن، ئەوەش وایکردووە تێچووەکەی زیاد ببێت. ئێستا وەکو جاران بە 700 دۆلار نییە. کۆمپانیا هەیە بە هەزار یان هەزار و 50 دۆلار خەڵک دەبات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ