گالەری

رووداو دیجیتاڵ

پێنج وڵات گروپە هونەرییەکانیان ناردووەتە رانیە لەگەڵ گروپەکانی باشووری کوردستان و عێراق بەشداری لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کولتوورە جیاوازەکان دەکەن. 
 
رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، فێستیڤاڵەکە لە پارکی دەروازەی رانیە دەستیپێکرد، بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ لەو شارە بەردەوام بێت و لە رۆژی سێیەمدا گروپەکان دەچنە ناوچە گەشتییەکانی کۆیە و چالاکی دەکەن. 
 
خالید قادر، بەڕێوەبەری دەزگای رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی، بە رووداوی راگەیاند، فێستیڤاڵەکە نەریتێکی ساڵانەی دەزگەی رایەڵەیە، ئەم ساڵ سەرباری ئەو دۆخە سیاسی و ئابووری و ئەو قەیران و شەڕەی دەرووبەری هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام بە باشیان زانی خولی ئەم ساڵ ساز بکرێت، بۆ ئەوەی هونەر قسەی خۆی هەبێت بۆ ژیاندۆستی، پێکەوەژیان و ئاشتی.
 
ئەو چالاکییە هونەرییە لەلایەن دەزگای رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و گەشەپێدانی مرۆیی سازکرا.  گرووپە هونەرییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و رانیە لە باشووری کوردستان و بەغدا و بەسرە لە عێراق و هەریەکە لە وڵاتانی یۆنان، جۆرجیا، ئێران، غانا و ئازەربایجان لە فێستیڤاڵەکەدا چالاکییان پێشاندا و میوان بوون.