رووداو دیجیتاڵ
شاڕێگەی بەستنەوەی قەزاکانی پشدەر و رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە، کەچی رێگەکە یەک سایدە و بەهۆی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی دەروازەی کێلێ و قەرەباڵخیی رێگەکەشەوە، زۆرترین رووداوی هاتووچۆی لێ روودەدات.
تیمی رووداو چوونەتە ماڵی یەکێک لە قوربانییانی رووداوی هاتووچۆ لە رێگەی نێوان ناحیەکانی سەنگەسەر و ژاراوە لە سنوورەکە. کەریم، وێنەی بێستوونی برای بەدەستییەوە گرتووە کە باوکی سێ منداڵ و پیشەی کرێکار بوو، ساڵێک لەمەوپێش لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵ، بێستوون تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
کەریم حەمەساڵح، برای قوربانیی رووداوی هاتووچۆ سەبارەت بە قوربانییەکان دەڵێ نەک تەنیا یەک کەس بەڵکو "خێزانێک لەنێودەچێت. رێگەکە هی سەردەمی رژێمە و هەر یەک سایدە، رێگەیەکی زۆر ئاڵۆز و ترسناکە. ژمارەی ئۆتۆمبێل و خەڵک هەر زیاد دەکات و رێگەکەش هەر وەک خۆیەتی."
بەشێک لە شۆفێری ئەو تەکسیانەی لەڕێگەی نێوان سەنگەسەر و ژاراوە کاردەکەن، تەسکی و یەک سایدیی رێگەکە بە هۆکاری زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ لەرێگەکە، دادەنێن.
ئەبوبەکر ئیبراهیم، شۆفێری تەکسییە و باسی ئەوە دەکات، لەسەر ئەو رێگەیە "دەیان کارەساتی دڵتەزێنم بینیوە. هاوڕێی خۆم لەو رێگەیەدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە. سەتان کەس بوونەتە قوربانیی بێخەمیی دەسەڵاتی کوردی لەو سنوورەدا."
عەلی بابەکر، جووتیارێکی بەتەمەنە لە سەنگەسەر، ئەویش گەواهی ئەوە دەدات رووداوی هاتووچۆی زۆر لەسەر ئەو رێگەیە روودەدەن.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە بڕی 33 ملیار دینار، دەرخستە و نەخشەسازیی دووسایدکردنی رێگەکەی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاککردن و رێگەوبانی راپەڕین دەڵێ "بۆ ئەمساڵ، وەک پڕۆژە پێشنیارکراوەکان لە ریزبەندیی یەکەم بۆ سنوورەکەمان دانراوە، دەرخستەی بۆ کراوە و چاوەڕێین ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بکات. بەو هیوایەی ئەمساڵ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
تەنیا لە شەش مانگی ئەمساڵدا 124 رووداوی هاتووچۆ لە سنوری ئیدارەی راپەڕین روویانداوە، بەهۆیانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200کەسیش بریندار بوون. یەکسایدی و خراپی رێگەکانیش هۆکاری زۆربەی رووداوەکان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ