رووداو - قەرەهەنجیر
کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 14ی تەممووز، دوو چەکداری تووندئاژۆ لە ناحیەی قەرەهەنجیر رووبەڕووی مەفرەزەیەکی ئاسایش بوونەوە و کارمەندێک دەکوژن و یەکێکی دیکە بریندار دەکەن. چەکدارەکان کە بە گوتەی ئاسایش "داعش بوون،" یەکێکیان دەکوژرێت و ئەوی دیکەشیان بە برینداری دەستگیر دەکرێت.
ئاڤێستا عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر دەڵێت، "پێشتر ئاسایش زانیاریی هەبووە، ئەمڕۆ زانیویانە ئەو چەکدارانە هاتوون تاوەکو چالاکی ئەنجام بدەن، پشتوێنەی بۆمبڕێژکراو و چەکی مامناوەندییان پێبووە و ئامادەکارییان کردبوو، دەستیان بە تەقەکردن کردووە و ویستوویانە یەکێک لە بینا بەرزەکانی قەرەهەنجیر بگرن و چالاکیی تێدا بکەن، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان نەبووایەن، بەتایبەتی ئاسایش، زەرەر و زیانی زۆریان بە ناوچەکە دەگەیاند، چونکە بەرنامە و پلانی پێشوەختیان هەبووە بۆئەوەی چالاکییەک لەم سنوورە ئەنجام بدەن."
ئەو چەکدارەیان کە کوژرا، پشتوێنەی بۆمبڕێژکراوی لەخۆی بەستبوو، ئەوی دیکەشیان بە برینداری دەستگیر کرا.
سێ رۆژ لەمەوپێش زانیاری لەسەر بوونی دوو چەکداری داعش بە هێزە ئەمنییەکانی قەرەهەنجیر درابوو، ئەمڕۆ هێزەکەی ئاسایش بۆ گرتنی ئەو چەکدارە رۆیشتبوون و تووشی رووبەڕووبوونەوە بوون.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، "پێشتر ئەو دوو چەکدارە، لە چوار کردەوەی چەکداری کە لەنێو کەرکووک ئەنجام دابوون، بەشداربوون. یەکەمیان، شەهیدکردنی پۆلیسێک لە گەڕەکی شۆراو؛ دووەمیان، شەهیدکردنی پۆلیسێک لە گەڕەکی پەنجاعەلی لەکاتی رووبەڕووبوونەوە؛ سێیەمیان، شەهیدکردنی دوو پۆلیس لەناو بازاڕی کەرکووک و چوارەمیان، شەهیدکردنی ئەفسەرێکی پۆلیس لەبەردەم نەخۆشخانەی کۆماری."
دوایین کردەوەی چەکداریی ئەو دوو چەکدارە، بەپێی دەزگای ئاسایشی هەرێم، شەهیدکردنی کارمەندێکی ئاسایش و بریندارکردنی یەکێکی دیکە بوو لە قەرەهەنجیر.
جوامێر عەزیز کە لەلایەن یەکێک لە چەکدارەکانەوە لە قەرەهەنجیر شەهید کرا، تەمەنی 50 ساڵە، مفەوەزی ئاسایش بوو.
ئەحمەد ئیبراهیم، ئامۆزای جوامێر دەڵێت. "شەهیدبوونی کاکە جوامێر، لە بنەماڵەیەکی باش و کوردپەروەر، هەمووانی تاساند. لەدوای خۆی پێنج منداڵی بەجێهێشتووە، دوو کوڕ و سێ کچ، بەداخەوە بەو دەستە رەشە تیرۆر کرا."
بە هێلیکۆپتەرێکی تایبەت، بریندارەکەی ئاسایش گوازرایەوە بۆ سلێمانی و هێزە ئەمنییەکانیش بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی شوێنپێی ئەو دوو چەکدارەی چوونەتە سنوورەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ