رووداو- هەولێر
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بە (تەسلیمبوون) دەزانێت.
لەبارەی کشانەوەی گەریلاکانیش لە سنووری باکووری کوردستان دەڵێ:" گەریلاکان دەکشێنەوە، بەڵام دەبێ حکومەتیش ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت کە دەکەوێتە سەر شانی".
بەبۆچوونی قەرەیڵان: "دەبێ حکومەتی تورکیا رێوشوێنە یاساییەکان باش بکات، من لە داودئۆغڵو دەپرسم ئایا ئەمەی کردوە، دوو ساڵ و نیوی بەسەردا تێپەڕی، کوانێ هەموارە یاسایی و دەستوورییەکان؟ خۆیان هیچیان نەکردووە و وای نیشاندەدەن کە ئێمە بەڵێنی خۆمان بەجێنەگەیاندوە".
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان پێیوایە:" سەرباری ئەوەی حکومەتی تورکیا هەنگاوی نەناوە، ئەوان بەردەوام بوون لەسەر کشانەوەی گەریلاکان". ئەو دەڵێ: "ئەوەش سادەیی ئێمە بوو، دوای ئەوەی کە لە مانگی حوزەیراندا حکومەت هیچ هەنگاوێکی هەڵنەهێنا نەمانزانی کە ئەوە تەنیا یارییەکە".
ئەو قسانەی موراد قەرەیڵان، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بوو، ئەو دەڵێت:" گوتەکانی ئەردۆغان لەبارەی نەبوونی کێشەی کورد و نەبوونی مێزی گفتوگۆ وایکرد کە پڕۆسەی ئاشتی کۆتایی پێبێت".
هەروەها دەڵێ: "کێشەی کورد لە تورکیا لە هەموو رووەکانە سەرەکیترین کێشەیە لە تورکیا، ئەگەر پەیامی هەڵبژاردنی 7 ی حوزەیرانیش بەباشی بخوێندرێتەوە، تێدەگەین کە خەڵکی تورکیا دەیەوێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت".
قەرەیڵان لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت:" ئۆجەلان هەمیشە رێبەر و خاوەنبڕیاری نێو پەکەکەیە، بەڵام هیچ کەسێک وانەزانێ ئەگەر فشار بخەنە سەر ئۆجەلان ئێمە بێ بڕیار دەکەن، کاتێک فشار و دوورەپەرێزخستن لەسەر ئۆجەلان هەیە، بزووتنەوەکەمان خۆی بڕیاری خۆی دەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ