جووتیارێکی سەرگەڕان کە عەرەبی هاوردە ناهێڵن گەنمەکەی دروێنە بکات: ترسم هەیە بیسووتێنن

14-05-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
چیرۆکی ئەو جووتیارانەی عەرەبی هاوردە ناهێڵن گەنمەکانیان دروێنە بکەن
چیرۆکی ئەو جووتیارانەی عەرەبی هاوردە ناهێڵن گەنمەکانیان دروێنە بکەن
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر داوای عەرەبی هاوردە، دروێنەکردنی گەنم لە پێنج گوندی سنووری سەرگەڕانی کەرکووک راگیراوە. دلێر ئەحمەد، خەڵکی گوندی گەبەرەکە، 15 دۆنم زەوی بە گەنم داچاندووە و هاوردەکان لە رێگەی سوپای عێراقەوە رێگە نادەن گەنمەکەی بدوورێتەوە.


شەش رۆژە سوپای عێراق رێگەی پێ نادات گەنمەکەی بدوورێتەوە، دلێر بە رووداوی گوت، "ئێستا ترسی گەورەم لە سووتاندنی دەخڵەکەم هەیە، تاوانە ئەم زادە بسووتێت، هاوردەکان داوای زەوییەکانمان دەکەن و دەیانەوێ خۆیان بەرهەمەکە بدوورنەوە، وەکو ئەوەی موڵکی خۆیان بێت، من 15 ملیۆن دینارم لەم زەوییە خەرجکردووە و ئێستا کاتی هاتووە بەرهەمەکەی هەڵبگرمەوە، کەچی لێناگەڕێن بیدوورمەوە."

بەهۆی کێشەوە، سەتان دۆنم زەویی بە گەنم داچێنراو لە سنووری سەرگەڕان دروێنەیان تێدا ناکرێت، عەرەبە هاوردەکان بە جووتیارانی کوردیان گووتووە، "یان لە بەرهەمی ئەم ساڵ پشکمان پێ دەدەن، یان ناهێڵین دروێنە بکەن."

محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانە و دەڵێت، "پەلکانە سەنگەرێکی زۆر بەهێزە، خوا نەکات ئەوان دەستی بەسەردا بگرن، بڕوا بکە لەنێوان زێی بچووک تاوەکو زێی گەورە هەموو لە دەستی کورد دەڕوات و هەموو دووبارە تەعریب دەکرێتەوە، چونکە ئەوان داوای هەموو زەوییەکان دەکەن و دەیانەوێت دەست بەسەر هەموویدا بگرن، یەک دەنکە گەنم، یەک بست زەوی ئامادە نین بە رەزامەندیی خۆمان دەستبەرداری بین."

نزیکەی 50 بۆ 60 عەرەبی هاوردەی هۆزی شمەر، شەش رۆژە خێوەتیان لەنێو گوندی پەلکانە هەڵداوە و دەڵێن، "ئێمە خەڵکی رەسەنی ئەم سنوورەین و پشکمان لە زەوییەکان هەیە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە