مەلەکردن لە بەشێک لە رووبارەکانی هەرێمی کوردستان بەتەواوی قەدەخەکرا

13-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، تاوەکو تەواوبوونی وەرزی هاوین، مەلەکردن لە کۆمەڵێک لە رووبار و چەمەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەیە.
 
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەموو ئەو رووبار و چەمانەی کە قووڵن و لێڵن، تابلۆی ئاگاداریمان هەڵواسیوە، کە هاووڵاتییان نابێت مەلە بکەن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، تاوەکو تەواوبوونی وەرزی هاوین."
 
وەکو گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، مەلەکردن لە سماقووڵی، زێی گەورە، قەندیل و دارەشەکران قەدەخەیە، هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە لەم شوێنانە دووربکەونەوە، بەتایبەتی ئەوانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە."
 
بە گوتەی شاخەوان سەعید، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە پارێزگای هەولێر پێنج کەس خنکاون، سێیان ژن و دوویان پیاون.
 
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆکیش بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی خنکان لە پارێزگاکەمان تۆمار نەکراوە".
 
ساڵانە لە وەرزی هاویندا کۆمەڵێک شوێن مەلەکردنیان لێ قەدەخە دەکرێت. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتی، "ئەو شوێنانەی ساڵانی رابردوو خەڵک تێیاندا خنکاون، قووڵن و مەترسییان هەیە مەلەکردن تێیاندا قەدەخەکراوە، وەکو بەنداوی موسڵی نزیک ناحیەی خانکێ، گەلی ئاوی شێلادزێ و چەند شوێنێکی دیکە کە تابلۆی ئاگادارییان لێ هەڵواسراوە تاوەکو مەلە نەکەن."
 
بەگوتەی بێوار عەبدولعەزیز، سەرەڕای هەڵواسینی تابلۆ و بڵاوکردنەوەی هۆشداری، بەڵام هاووڵاتییان هەر مەلەدەکەن و پابەندنابن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین دووربکەونەوە لەو ناوچانە بۆ سەلامەتیی خۆیان و خێزانەکانیان."
 
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو رووداوە دڵتەزێن و جەرگبڕانەی کە لە ماوەی رابردوودا گیانی چەندین رۆڵەی ئەم نیشتمانەیان لێ سەندینەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانێت کە بە تووندترین شێوە هۆشداریتان پێبدەین سەبارەت بە مەلەکردن لە هەندێک شوێن.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین دوورکەونەوە لە مەلەکردن لە چەم و رووبارەکان؛ بەتایبەتی ئەو ئاوانەی کە لێڵن، بنەکەیان نادیارە، یان خاوەنی شەپۆلی بەهێز و گەردەلوولی ژێر ئاون، هەروەها گۆم و بەستەرە ئاوییە وەستاوەکان، کە زۆرجار قوڵییەکەیان نادیارە و زەلکاوی بنەوەیان دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان، هەر شوێنێکی دیکە کە ساڵانی رابردوو رووداوی خنکانی تێدا تۆمار کراوە."
 
وەکو بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تیمەکانیان بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاودێریی وردی ئەم ناوچانە دەکەن و هەر کەسێک سەرپێچیی ئەم رێنماییە بکات، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی شاری رانیە. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

ئەوقافی راپەڕین: لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست پرۆژەی بانگدانی مەرکەزی راگیراوە

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر رایگەیاند، لە تەواوی هەولێر، زاخۆ و دهۆک بانگدان کراوەتە مەرکەزی. بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕینیش دەڵێت، "داوای بودجەمان لە وەزارەتی دارایی کرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، بەڵام رەتیانکردەوە بۆمان بنێرن."