رووداو دیجیتاڵ
باوکی ئەو مێرمنداڵەی لە جندرێسی رۆژئاوای کوردستان کوژرا، دەڵێت، عەرەبێکی هاوردە کوڕەکەی کوشتووە، پارچەپارچەی کردووە و دواتر فڕێی داوەتە نێو بیرێکەوە.
مێرمنداڵەکە ناوی وەلید بوو و رووداوەکە رۆژی چوارشەممە، 13-03-2024، لە ناوچەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان روویدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، خالید مەتێ، باوکی وەلید میوانی بووڵتەنی رۆژئاڤا بوو لە رووداو کە لەلایەن دڵبخوین داراوە پێشکێش دەکرێت و گوتی، "کوڕەکەم بەبێ هۆ کوژرا، داواکارم دەنگم بگەیێننە حکومەتی تورکیا، حکومەتی سووریا و دەسەڵاتی خۆجێیی کە ئەو بکوژە بە سزا بگەیێنن، ئەو کەسە کوڕەکەمی بە چەقۆ کوشتووە، دواتر پارچەپارچەی کردووە و فڕێی داوەتە نیو بیرێکەوە، چ ویژدانێک ئەم تاوانە قبووڵ دەکات؟".
بکوژەکە شاگردی باوکی وەلید بووە
بکوژەکە بە رەچەڵەک عەرەبە و ناوی یامین ئەحمەد ئیبراهیمە، خەڵکی ئیدلیبە و لەدوای داگیرکردنی عەفرین چووەتە ناوچەکە.
خالید مەتێ دەڵێت، "بکوژەکە لای خۆم کاری کردووە و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیدا نەبووە و بە ئاسایی هاتووچۆی کردووە، من نانەواخانەم هەیە و ئەو لای من کاری کردووە، ئێستا کە کار نییە، منیش ناچاربووم لەبەر بێکاری شاگردەکەم دەربکەم، ئەویش لەبەرئەوە کوڕەکەمی کوشتووە".
بکوژەکە دەستگیرکراوە
بکوژ، مێرمنداڵەکەی بردووەتە دەرەوە و لە سەر رێگای تەلسوور کوشتوویەتی. دوێنێ چوارشەممە، تەرمەکەی لەنێو بیرەکە دەرهێندرا.
خالید مەتێی باوکی وەلید دەڵێت، بکوژەکە لەلایەن پۆلیسی عەفرین دەستگیرکراوە، بەڵام ماڵباتەکەی هەڵاتوون، "دەبێ سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو بکوژانە دەربکرێ، بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە دووبارە نەبنەوە و کوڕی کەسی دیکە نەکوژرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ