لە هەولێر خواست لەسەر پانێڵی هەتاوی زیادی کردووە؛ "پەشیمانم کە زووتر دامنەناوە"

14-02-2024
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
نیشانەکردن سۆلەر پانێڵ پانێڵی هەتاوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری هەولێر خواست لەسەر پانێڵی هەتاوی (سۆلەر پانێڵ) زیادی کردووە. بەشێکی ئەوانەی کارەبا لەڕێگەیەوە بەرهەمدەهێنن، دەڵێن پەشیمانن کە زووتر ئەو سیستەمەیان دانانەوە. خاوەنکارێکیش دەڵێت ئەگەر فرۆشیان بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، تاوەکو دوو ساڵی دیکە لە هەر 10 ماڵێک، شەشیان سۆلەر پانێڵیان دەبێت.
 
گرانیی نرخی کرێی مانگانەی کارەبا و نەبوونی کارەبای 24 کاژێری بە موەلیدە و کارەبای نیشتیمانییەوە، وای لە بەشێک لە هاونیشتمانیان کردووە پەنا ببەنە بەر بەکارهێنانی پانێڵی هەتاوی.
 
بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی وزەی خۆر، کە بە وزەی پاک دادەنرێت، ئێستا لە هەموو جیهاندا باوە و هەوڵدەدرێت بەرهەمهێنانی زیاد بکرێت. 
 

محەممەد حەسەن، کە لە ساڵی 2018ـەوە پانێڵی هەتاوی بەستووە، بە رووداوی گوت: "لەو کاتەوەی دامناوە تاوەکو ئێستا، پێویستیم بە موەلیدە نەبووە، چونکە رۆژانە 20 تاوەکو 30 ئەمپێر کارەبام هەیە، بەڵام هەندێکجار پێویستم بە کارەبای نیشتیمانییە." 
 
ئەم هاونیشتیمانییە هەروەها دەڵێت: "زۆر ئاسوودەم کە رووم لە سۆلەر پانێڵ کردووە، چونکە پێش هەموو شتێک دۆستی ژینگەیە و هەولێر پێوستە لە دووکەڵ و هەوای پیس بەدوور بێت؛ هۆکاری پیسبوونی ژینگەی هەولێریش، دووکەڵی موەلیدەکانە."

 

 
جگە لەمە وەک محەممەد حەسەن باسی دەکات "کارەباکەی باش و بێ کێشەیە؛ لە هاویندا سێ موبەریدە و تەواوی پێداویستییەکانی نێو ماڵی پێ دادەگیرسێنین."
 
هەر تەختەیەکی هەتاوی 100 تاوەکو 600 وات کارەبا دەدات و، دەکرێت پاتری تایبەتی بۆ دابنرێت بەمەش لە هەمان کاتدا پانێڵەکە کارەبای راستەوخۆ لە رووناکیی رۆژەوە دابین دەکات و، بەشێکیشی پاترییەکە بارگاوی دەکات، کە دەکرێت شەوان سوودی لێ وەربگیرێت.
 
ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی، جۆر و براندی جیاوازی سۆلەر پانێڵ هەن، بەپێی جۆر و کواڵێتی و  پێدانی وزەکەی، نرخیان دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی گەرەنتیی 15 تاوەکو 30 ساڵیان هەیە. 
 
پانێڵە هەتاوییەکان دەتوانن بۆ دەیان ساڵ کارەبا بەرهەمبهێنن بەبێ ئەوەی کاربۆن بدەنەوە و هەوا پیس بکەن. کاتێک پانێڵی هەتاوی دەگاتە کۆتایی تەمەنی خزمەتگوزارییەکەی، دەتوانرێت بەهۆی دیزایینە مۆدیۆلارەکەیەوە دووبارە بەکاربهێنرێتەوە.
 

وەستایەک: لە دوو مانگدا سیستمەکەم بۆ 30 جووتیار داناوە 
 
مەولوود جەمیل 20 ساڵە کاری دانانی سیستمی پانێڵی هەتاوی دەکات، بە رووداوی گوت: "پێشتر مانگانە یان دوو مانگ جارێک، دانەیەکمان دەبەست، ئەوانیش کۆمپانیا یان رێکخراوە گەورەکان بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هاونیشتمانییان بەزۆری روویان لە بەستنی پانێڵی هەتاوی کردووە و ئێستا رۆژانە لەنێو شار و لادێ و دەشتەکانیشدا دەیبەستین."
 
لە سەربانی خانوو و باڵەخانەکانی هەولێر، بینینی سۆلەر پانێڵ شتێکی دەگمەن نییە، مەولوودیش دەڵێت "ئێستا لە هەموو گەڕەکان دەبینرێت. هەر خۆم لەو دوو مانگەی ساڵی 2024ـدا کاری بەستنی ئەم سیستەمەم بۆ زیاتر لە 30 جووتیار کردووە، کە لەبەر دووریی شوێنەکانیان کارەبای نیشتمانیان نەبووە."
 
بە گوتەی مەولوود "هەرێمی کوردستان زۆر باشە بۆ ئەم پانێڵانە، چونکە وزەی خۆر زۆرە و تیشکی خۆرەکەش ئاسۆییە، ئەمە وادەکات زۆرتر و زووتر هاوێنە و شووشەکانی نێو پانێڵەکە شەپۆلەکان و رووناکی خۆر بۆ وزەی کارەبا بگۆڕن."
 

"پەشیمانم کە پێشتر نەمبەستووە" 
 
ئاسۆ سیان، هاونیشتمانییەکی هەولێرە، ماڵی خۆی لە شارەوە گواستووەتەوە بۆ باخەکەی لە گوندی مورتکەی سەر بە هەولێر، لەوێش بۆ دەستکەوتنی کارەبایەکی بەردەوام، سۆلەر پانێڵی داناوە.
 
ئاسۆ بە رووداوی گوت "هەموو سیستمەکەم بە دوو هەزار و 200 دۆلار بەستووە، پێکدێت لە شەش پانێڵی هەتاوی و دوو پاتری، کە بەردەوام رۆژانە حەوت بۆ هەشت ئەمپێر کارەبا دەدەن و پاترییەکانیش هەریەکەیان شەوان تاوەکو نۆ کاژێر، دوو ئەمپێر دەدەن."
 
تاکە پەشیمانیی ئەو هاونیشتمانییە ئەوەیە "ساڵێکە سیستمی سۆلەر پەناڵێڵەکەم بەستووە، بەڵام ئەوەندە بەهۆیەوە ئاسوودەم، کە دەبووایە زووتر بیبەستم."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی ئیبراهیم محەممەد چەند پانێڵێکی ئامادەکردووە و دەیەوێت لە خانووەکەی کە لە گوندە، بیبەستێت و چیدیکە کارەبای موەلیدە و نیشتمانی بەکارنەهێنێت.
 

ئیبراهیم بەڕۆژ پێویستی بە هەشت ئەمپێر کارەبا دەبێت بۆ کارپێکردنی ماتۆڕی ئاو و ئامرازەکانی دیکەی کشتوکاڵ، شەوانەش پێویستیی بە دوو بۆ سێ ئەمپێر کارەبایە، دەڵێت: "بەڵام ئەو پانێڵانە، بە رۆژ تاوەکو 15 ئەمپێر و بە شەویش شەش بۆ 10 ئەمپێر کارەبا دەدەن. بۆیە پێوستیم بە کارەبای نیشتمانی و موەلیدەش نامێنێت."
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 لە هەولێر لەلایەن سەندیکای نەوت و کارەباوە لیژنەی وزەی خۆر بۆ هەولێر و دەوروبەری دامەزرا.  
 
محەممەد خدر حەسەن، جێگری سەرۆکی لیژنەکە بە رووداوی گوت "لەم دوو ساڵەی رابردوودا خواستێکی زۆر لەسەر پانێڵی هەتاوی دروستبووە، بەتایبەتی لەدوای 2022ـوەوە، هۆکارەکەشی زیادبوونی هۆشیاری و زانیارییە لەلایەن هاونیشتمانیانەوە، ئەوە جگە لە نەبوونی کارەبای بەردەوام."
 

جگە لەمەش لەسەر ئاستی جیهانیدا پانێڵی هەتاوی زیاتر لە 55% نرخەکەی دابەزیوە. محەممەد خدر دەڵێ لە هەرێمی کوردستانیش نرخی دابەزیوە "بۆ نموونە پانێڵ هەبووە پارساڵ بە 320 دۆلار بوو و ئەمساڵ بووەتە 140 دۆلار، واتا زیاتر لە 50٪ دابەزیوە."
 
محەممەد خدر باس لە جیاوازیی قەبارەی بازرگانی بە پانێڵی هەتاوی لە شاری هەولێر دەکات کە بە گوتەی ئەو "لە ساڵی 2022 نزیکەی 2 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی 2023 سێ هێندە زیادی و ئێستاش گەیشووەتە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار."
 
بەپێی مەزەندەی جێگرەکەی سەرۆکی لیژنەی وزەی خۆری هەرێمی کوردستان لەدوای چاودێریکردنی فرۆشی سۆلەر پانێڵ لەم دوو مانگەی ساڵدا، ئەگەر رەوشەکە وا بەردەوام بێت "لەکۆتایی ساڵی 2024، قەبارەی بازرگانی بە پانێڵی هەتاوی تەنیا لە هەولێر دەگاتە 50 ملیۆن دۆلار."
 

دەستەی ژینگە: دەبێت لە پڕۆژەکان سیستمی پانێڵی هەتاوی دابنرێت

عەبدولڕەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەیی و راگەیاندن لە دەستەی ژینگە بە رووداوی گوت "لە چوارچێوەی بەڵگەنامەی پشکدارییە نیشتمانییەکان، دەستنیشانکراوە کە پێویستە کۆی گشتی، عێراق 12 گێگاوات کارەبا لە وزەی نوێبووەوە بەرهەمبهێنێت، کە پانێڵی هەتاوی یەکێکە لە وزە نوێبووەوەکان."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوان لەسەر هەموو ئەو پڕۆژانەی دەچنە لایان و پێویستییان بە رەزامەندیی ژینگەییە، کۆمەڵێک مەرج دەسەپێنن "یەکێک لە مەرجەکانیش ئەوەیە؛ پێویستە لە پڕۆژەکان لەبری موەلیدە، سیستمی پانێڵی هەتاوی ببەستن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.