رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى 13ى کانوونى دووەمى 2025، چەند بڕیارێکى لەبارەى تاپۆکردنى خانووە زێدەڕۆکان دەرکرد و دەسەڵاتى بە پارێزگارەکان دا ئەو زەوییەى تاوەکو 10ى کانووى یەکەمى 2024 بینای لەسەر دروستکراوە، بە خاوەنەکەى بفرۆشرێتەوە بەو مەرجەى زەوییەکە لە سنوورى نەخشەى بنەڕەتی شارەکاندا بێت.
ئەو بڕیارە پارێزگاى کەرکووک ناگرێتەوە. سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "نازانین هۆکارى بەدەرکردنى کەرکووک لەو بڕیارە چییە؟ پەیوەندى بە مادەى 140 یان پرسى دیکە هەیە".
زیاتر لە 90 هەزار خانووى بێ تاپۆ لە سنوورى کەرکووک هەن، کە لەسەر خاوەکانیان تاپۆ نەکراوە.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، وەک نوێنەرانى کورد بە نووسراوى فەرمى داواى روونکردنەوە دەکەن کە بۆچى کەرکووک لەو بڕیارەى تاپۆکردنى خانووە بێ تاپۆکان لادراوە.
خانووەکانی 11 گەڕەکى کەرکووک بێ تاپۆن، کە بریتین لە؛ پەنجەعەلى، شۆراو، گورگەچاڵ، سێکانیان، سۆنەگۆڵى، باروتخانە، دەروازە، بەدر، سەیادە، فەیلەق و حەمزەلی.
عەدنان شوکر، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى شارەوانیى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بە گوێرەى بڕیارى ژمارە 320ى ساڵى 2020، خاوەنى ئەو خانووە بێ تاپۆیانە فۆڕمێکیان لە شارەوانى پڕکردووەتەوە و کۆدیان پێدراوە و لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەشەوە سەردانیان دەکرێت بۆ ئەوەى زانیارى لەسەر ئەو زەویانە وەربگرێت، کە خانووەکانیان لەسەر دروستکراوە، دواتر لیژنەیەکى شارەوانى خەمڵاندن بۆ پارەى زەوییەکانیان دەکات بەر لەوەى لەسەریان تاپۆ بکرێت."
عەدنان شوکر گوتى: "لە زیاتر لە 90 هەزار خانووى بێ تاپۆ لە کەرکووک، لیژنە هاوبەشەکە سەردانى زیاتر لە سێ هەزار خانووى کردووە".
لەو 11 گەڕەکەى کەرکووک، کە خانووەکانیان بێ تاپۆن هەشتیان زۆربەی دانیشتووانەکەیان کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ