بەڕێوەبەری بەنداوەکان: ئاستی ئاوی دووکان 63 سانتیمەتر زیادیکردووە

14-01-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوێنێوە لە هەرسێ بەنداوی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک نزیکەی 84 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراەوەتەوە کە زۆرترینی لە دووکان بووە و شەش بەنداوی بچووکیش سەرڕێژبوون. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو بەنداوانەی بڕیاربوو عێراق دروستیان بکات، هێشتا هیچ هەنگاوێک بۆ دروستکردنیان نەنراوە. 
 
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو داتایانەی هەن، لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارین لە ساڵی رابردوو باشتر بووە، بەشێوەیەک لە هەندێک شوێن 200٪ زیاتر بووە، تەنیا هەندێک شوێنی گەرمیان و باشووری هەولێر و دهۆک نەبێت کەمتربووە لەساڵی رابردوو.
 
بەگوتەی رەحمان خانی، "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە هەر سێ بەنداوی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک نزیکەی 84 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە، بەشێوەیەک زۆرترینی لە بەنداوی دووکان بووە کە 24 کاژێری رابردوودا 63 سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە و تەنیا دوێنێ 68 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە."
 
هەروەها لە بەنداوی دەربەندیخان، 14 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و بەنداوی دهۆک، نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار مەتر ئاوی تێدا گلداوەتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکردنی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەم ساڵ شەش بەنداوی بچووک سەرڕێژبوون بەشیوەیەک، بەنداوەکانی خنس لەپارێزگای دهۆک، دێوانە لە دەربەنیخان، ئاوسپی لە گەرمیان، دێگەڵە و سماقووڵی لە هەولێر، حەسەن کەنۆش لە چەمچەماڵ، سەرڕێژبوون.
 
گوتیشی، پلانمان وایە لە ئێستاوە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار "دەستبکەین بە گلدانەوەی ئاو و ئاستی ئاوی بەنداوەکە لەساڵی رابردوو باشتر بکەین، بەڵام ئاوی بەنداوە بچووکەکان بەردەدەینەوە بۆ ئەوەیە لە بەهاردا ئاو گلبدرێتەوە."
 
رەحمان خانی ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە بڕیاربوو لە 2023دا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بودجە بۆ چاککاری و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان تەرخانبکات، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و بەڵییانداوە لەمساڵدا ئەو کارە بکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و کۆگەکردنی ئاوی هەرێمی کوردستان دەشڵیت، لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لە گفتوگۆدا بووین بۆ دروستکردنی چوار بەنداو (باکرمان، مەنداوە، تەقتەق و دەڵگە)، بەڵام تا ئێستا نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
گوتیشی، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاریی فەرەنسی، سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە نەخشە و دیزاینی بەنداوەکە و گفتوگۆکردنن لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دروستکردنی بەنداوەکە لەسەر بودجەی فیدراڵی.
 
رەحمان خانی دەشڵیت، بەنداوەکانی، شەوگێڕ، ئاقووبان، گۆمەسپان کاکرکردن تێیاندا بەردەوامە و ئەم ساڵ دەستکراوە بە گلدانەوەی ئاو تێیاندا، هەروەها دوو بەنداویش لە پارێزگای دهۆک لە قۆناخی جێبەجێکردندان.
 
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی کە بەهۆی قەیرانی دارایی یان نەبوونی نەختینەوە کارکردن تێیاندا راگیراون، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان دەڵێت، بەهۆی گرفتی دارایی و نەبوونی نەختینە بەشێک لە بەنداوەکان کارکردن تێیاندا وەستاون، لەوانە؛ بەنداوی زەلان، بەنداوی چەقچەق، بەنداوی سوورقاوشان بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانکەکان نەتوانراوە کارکردنیان تێدا دەستپێبکاتەوە. 
 
هەردوو بەنداوی بەردەسوور و بەنداوی باسەڕە بەهۆی ئەوەی بودجەیەکی زۆریان پێویستە، لەلایەن حکومەتەوە لەکاتی قەیرانی دارایی راگیراون و  "ئێمە لە هەوڵداین بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی دارایی و تەرخانکردنی بودجە بۆیان، بۆ ئەوەی دەست بکرێتەوە بە کارکردن تێیاندا."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.