prev
next
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە مانگێکە جارێکی دیکە کێشە بۆ جووتیارانی چوار گوندی سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دروستبووە و عەرەبی هاوردە رێگە نادەن زەوییەکانیان بکێڵن. بەرپرسی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێت، چاوەڕێی پەرلەمانن بە یاسا کێشەکان چارەسەر بکات.
لە رۆژی 08-11-2024ـەوە رێگە نادرێت جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە لە ناحیەی سەرگەڕان زەوییەکانیان بکێڵن، لەکاتێکدا زەوییەکان بەرئاون و نزیکەی مانگێکە کاتی چاندنیانە بە دانەوێڵە.
عەبدوڵڵا میروەیس، بەرپرسی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ هەینی 13-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ کێشەی ئەو چوار گوندە وەکو خۆی ماوەتەوە و ئێمەش چاوەڕوان بووین پەرلەمانی عێراق بە یاسا چارەسەری بکات".
دوای چەند جارێک دواخستن، بڕیاربوو 08-12-2024، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاونەکانیان یەکێک بوو لە کارەکانی، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ مانگی یەکی ساڵی داهاتوو.
عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت، بەشێکی زەویی جووتیاران لە ناحیەکانی شوان، دبس و لەیلان چارەسەر کراوە و دەتوانن کار لە زەوییەکانیان بکەن، بەڵام ئەوانیش لە سیستمی پلانی کشتوکاڵی تۆمار نەکراون و ناتوانن هاوکارییەکانی کشتوکاڵ وەربگرن، وەکو بنەتۆو و پێداویستییەکانی دیکە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران، مانگی رابردوو رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و نوێنەرانی جووتیارانی و کورد و عەرەبە هاوردەکان کۆبوونەوە.
لە سەروبەندی کاتی دروێنەی دانەوێڵەدا لە 26ـی نیسانی ئەم ساڵ، بە فەرمانی هێزێکی سوپای عێراق رێگە نەدرا جووتیارانی پێنج گوند لە ناحیەی سەرگەڕان دروێنە بکەن. دواتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە 15ـی ئایاردا لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی عێراق چووە سنوورەکە و دروێنەکە کرا، بەڵام جارێکی دیکە کێشە بۆ چوار گوندیان دروستبووەوە.
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگیان بۆ جووتیارەکانیان دروستکردووە نزیکەی 40 هەزار دۆنم دەبێت.
زۆربەی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە چەندین جار کێشە و ئاستەنگیان بۆ کوردی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ