رووداو - سەرپێڵی زەهاو
دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر بوومەلەرزەکەی کرماشان، هێشتا بەشێکی زۆری خەڵکی لەژێر چادرەکان ژیان بەسەردەبەن.
ئەم بارودۆخە نالەبارەی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بووە هۆی ئەوەی کە خەڵکی خۆبەخش کانێکس (کابینە) بۆ خەڵکی ناوچەکە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان دابین بکەن و یارمەتی و پاڵپشتی خۆیان دەرببڕن.
نزیکەی مانگێک پێش ئێستا، رۆژی 12-11-2017 بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەر چوار پارچەی کوردستانی گرتەوە، زیانەکانیش لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو شوێنێک زۆرتر بوون.
رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران رایگەیاند، بە ناساندن و دۆزینەوەی 10 تەرمی دیکە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشاندا گیانیان لەدەستداوە بۆ 579 کەس بەرزبووەتەوە، نزیکەی 10 هەزار کەسیش بریندار یان تووشی گرفتی دەروونی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
دوای نزیکەی مانگێک لەو کارەساتە، هێشتا هاونیشتمانیانی گوندەکانی سەرپێڵی زەهاو، سەلاسی باوەجانی و داڵەهۆ لە دۆخێکی خراپدا دەژین. ماڵەکانیان وێرانبووە و هاوکارییە مرۆییەکانیش وەک پێویست نیین.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن