رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ دەڵێت، لەماوەی دوو ساڵدا بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان سنووری ناحیەکە و گوندەکانی جێبەجێکردووە. دەشڵێت، لە دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سنوورەکەیان کۆتایی دێت.
موسڵح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لەسنووری ناحیەی وەرتێ و گوندەکانی جێبەجێکراون بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار."
لەبارەی ئەو پرۆژانەی لەماوەی ئەم ساڵ و ساڵی رابردوو جێبەجێکراون، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ گوتی، پرۆژەکان لە بوارەکانی رێگەوبان، ئاو و ئاوەڕۆ و دروستکردنی دیواری راگر بوون؛ بەشێوەیەک، پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندی کەڵێتە بە درێژایی 6.5 کیلۆمەتر بە گوژمەی 950 ملیۆن دینار، هەروەها پرۆژەی کۆنکرێتکردن و دروستکردنی دیواری پاڵپشت و جۆگە بە گوژمەی 130 ملیۆن دینار لە ناوەندی ناحیەی وەرتێ جێبەجێ کراون.
لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گوندەکانی سنووری ناحیەی وەرتێ، موسڵح زرار گوتی، لە چەند گوندێکی سنوورەکە کاری کۆنکرێتکردن بۆ کۆڵانەکانیان کراوە لەوانە گوندەکانی (خانەقا، سەرنەوس، دەرگەڵە، رەژووکەریان) بە گوژمەی 120 ملیۆن دینار.
ناحیەی وەرتێ لە رووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای رواندزە، بێجگە لەناوەندی ناحییەکە، 17 گوند دەکەونە سنوورییەوە، نزیکەی 10 هەزار دانیشتووی هەیە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحییەکە، "هەموو گوندەکانیان تۆڕی کارەبای نیشتمانییان پێگەیشتووە و پرۆژەی ئاو و قوتابخانەشیان هەیە، تەنیا لەگوندی خانەقا گرفتی ئاو هەیە بەهۆی ئەوەی پرۆژەی ئاوی گوندەکە بەشی گوندەکە ناکات."
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سنووری ناحیەی وەرتێ، موسڵح زرار دەڵێت، زۆربەی خێزانەکانی سنوورەکە کە نزیکەی هەزار خێزان دەبن نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە و چەند گوندێک ماون، لەم رۆژانەدا تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ