شارەوانیی کەرکووک: 92 هەزار داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان پێشکێش کراون

13-10-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی شارەکە بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ شارەوانی و ئەو پارەیەی بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک تەرخانکراوە بەشیان ناکات. دەشڵێت، نزیکەی 10 ملیار دیناریان بۆ گەڕەکەکانی دەوروبەری کەرکووک خەرجکردووە. 
 
ئەندازیار ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات. 
 
ئەندازیار ئەحمەد عومەر لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی کەرکووک کە ساڵی رابردوو نزیکەی 102 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکرابوو، رایگەیاند هەموو ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی 2023 بوون جێبەجێکران، ئێستا چەند باخچەیەک هەن لە دەروازەکانی کەرکووک بە ئاراستەی سلێمانی، هەولێر، بەغدا و تکریت لە قۆناخی جێبەجێکردندان. هەروەها پڕۆژەی سەوزکردنی کەناری رووباری خاسە لە قۆناخی تەندەر و گرێبەستدایە.
 
بەشێک لە شەقامەکانی کەرکووک پێویستیان بە قیڕتاوکردن یان نۆژەنکردنەوەیە، بەڵام بە گوتەی ئەحمەد عومەر، "پڕۆژەی گۆڕینی تۆڕی ئاوەڕۆی کەرکووک بووەتە بەربەست و گرفتێکی گەورە لەبەردەم قیڕتاوکردنی شەقامەکانی نێو شاری کەرکووک".
 
پڕۆژەی ئاوەڕۆی کەرکووک، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە لە ناوچەی ترکەڵان لە باشووری کەرکووک، وێستگەیەکی گەورەی پاڵاوتن لەسەر رووبەری 323 دۆنم زەوی دروستکراوە و ئاوی قورس دەپاڵێوێت و بۆ کشتوکاڵ بەکاردێتەوە. پڕۆژەکە رۆژانە 300 هەزار مەترسێجا ئاوی قورس دەپاڵێوێت.
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، بودجەیەکی زۆری تێدەچێت و لەلایەن وەزارەتی شارەوانیی عێراقەوە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی کەرکووک جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیە ئێستا بووەتە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەکانی نێو شاری کەرکووک.
 
ئەحمەد عومەر ئاماژەی بەوەدا، پلانێکیان داناوە بۆ ئەوەی شەقامی کەرکووک بە ئاراستەی سلێمانی و هەولێر فراوانتر بکرێت و بکرێنە شەقامی نموونەیی، بەڵام دیسانەوە گرفتی ئاوەڕۆیان هەیە.
 
"10 ملیار دینار بۆ گەڕەکەکانی دەوروبەری کەرکووک خەرجکراوە"
 
لەبارەی تەرخانکردنی بودجە بۆ ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەوروبەری کەرکووکەوە، ئەحمەد عومەر گوتی، ئەو گەڕەکانەی لە کەناری شاری کەرکووکن ساڵی رابردوو 5 ملیار دیناریان بۆ خەرجکرا و ئەم ساڵیش 5 ملیاریان بۆ تەرخانکراوە و کاری کۆنکرێتی کۆڵان و شەقامە نێوخۆییەکانیان بۆ جێبەجی دەکرێت.
 
لە سنووری شاری کەرکووک نزیکەی نۆ گەڕەک هەن کە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون. ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت: "دوای بانگەواز بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی تاپۆکردن، لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی 92 هەزار داواکاری بۆ تاپۆکردن پێشکێشکراون و ئێستا لە قۆناخی دووەم دوو لیژنە لە باکوور و باشووری کەرکووکەوە دەستیان بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی داواکارییەکان کردووە." 
 
"کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک بووەتە گرفتێکی گەورە"
 
یەکێک لەو گرفتانەی ماوەی چەند ساڵیکە شاری کەرکووک بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بوونی زبڵ و خاشاکێکی زۆرە لەنێو گەڕەکەکانی شارەکە، لەدوای دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵمەتێکی فراوان دەستیپێکردووە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک.
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، ئەو بودجەیەی بۆ کۆکردنەوەی زبڵ خاشاک تەرخانکراوە هەمان ئەو بڕەیە لە 2018 تەرخانکراوە، لەکاتێکدا کەرکووک فراوانتر بووە، ساڵی رابردوو هەموو شارەکە 10 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و بەشی شارەکە ناکات و هەفتانە دوو رۆژ تیمەکانی پاکەوانی دەچنە گەڕەکەکان.
 
بەگوێرەی ئاماری شارەوانیی کەرکووک، لە دۆخی ئاساییدا رۆژانە 1200 تۆن زبڵ فڕێ دەدرێت و هەندێک کات دەگاتە 1500 تۆن.
 
ئەحمەد عومەر گوتی: "بە سەرپەرشتیی پارێزگاری کەرکووک، پلانێکی تۆکمە دانراوە بۆ ساڵی داهاتوو کە 18 ملیار دینار بۆ پاککردنەوە و کۆکردنەوەی زبڵی شارەکە تەرخان دەکرێت و هەموو لەلایەن کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە جێبەجێبکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.