رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی حەوتەم بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. ئەم مانگە بۆ یەکەم جارە لە ئەم ساڵدا 8 مادە پێکەوە دابەش دەکرێن.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی بەشەخۆراکی حەوتەم دەستیپێکردووە و بەردەوامە."
ئەم مانگە بۆ یەکەم جارە لە ئەم ساڵدا نۆک و ماش زیاد دەکرێت؛ لەگەڵ ئەوانەشدا جگە لە ئارد کە هەر کەس 9 کیلۆ وەردەگرێت، شەش مادەی دیکە دابەش دەکرێن.
ئەوەی ئەم مانگە دابەش دەکرێت بۆ هەر کەسێک ئەمانەیە: یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج، یەک لیتر رۆنی شل، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، نۆک 250 گرام، لەتکەنۆک 250 گرام، ماش 250 گرام، نیسک 250 گرام.
کامەران فەتاح گوتی، "یەکەم مانگە ئەو مادانە پێکەوە دابەش دەکرێن. زۆرکات یەکێک لە پاقلەمەنییەکان دابەشکراوە و مانگی دواتر جۆرێکی دیکە دابەشكراوە."
هەر ئەمڕۆ دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەفتەیەکە دابەشکردنمان دەستپێکردووە و نزیکەی 50%ـی دابەشکراوە و دابەشکردن بەردەوامە."
دلێر عەبدولواحید دەڵێت، "پاقلەمەنییەکان زیاد نەکراون، بەڵکو گۆڕانکاری لە مادەکاندا کراوە. پێشتر جار هەبوو بۆ هەر کەسێک کیلۆیەک نیسک دەدرا، ئێستا کراوە بە چوار جۆر و هەرکەسە و 250 گرام لە جۆرەکان وەردەگرێت."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر گوتیشی، "بەشێکی بریکارەکان پارە لەکاتی خۆیدا ناهێنن. هەر بریکارێک پێشوەختە پارەی مانگانە نەهێنێت خۆراکی بۆ نانێردێت و ئەوەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی دابەشکردن بۆ هاونیشتمانیان."
غازی قادر، بریکاری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە رۆنی شل، شەکر و دۆشاوی تەماتە، بەشێکی هاونیشتمانیان ئامادە نین مادەکانی دیکە وەربگرن و دەیفرۆشنەوە.
غازی قادر گوتی، "خەڵک بێزار بووە لە نیسک و لەتکە نۆک و نایەوێت. خەڵکی ئێمە زیاتر حەزی لە فاسۆلیایە و تاوەکو ئێستاش نازانین بۆ فاسۆلیا نانێردرێت. برنجیش بەهۆی کواڵیتییەوە هەموو کەسێک وەری ناگرێت."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ