رووداو دیجیتاڵ
تابلۆی هەڵکوڵاوی سەنحاریب لە خنسی سەر بە قەزای شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک بە گەورەترین نەخشەی هەڵکوڵاوی شوێنەواری لەسەر ئاستی عێراق دادەنرێت. شوێنەوارەکە کە مێژووەکەی بۆ بەر لە 2700 ساڵ دەگەڕێتەوە، لەلایەن تیمێکی ئیتاڵییەوە نۆژەنکراوەتەوە.
تاوەکو ئێستا بە گەورەترین نەخشەی ئاشووری دەناسرێت. لەدوای دوو مانگ کارکردن تێیدا لەلایەن شوێنەوارناسانی زانکۆی ئۆدینیی ئیتاڵیاوە، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک نۆژەندەکرێت. بەم کارە، مێژوو و شارستانییەتی ناوچەکە لە لەنێوچوون دەپارێزن.
فرانشیسکا سیمی، جێگری بەڕێوەبەری تیمی شوێنەواری ئیتاڵی لە دهۆک دەڵێت، "ئێمە لە بەردەم تابلۆی هەڵکوڵاوی سەنحاریبین کە دەکەوێتە خنس و کۆمەڵگەیەکی شوێنەوارییە لەلایەن سەنحاریبی پاشای ئاشوورییەکانەوە پێش 2700 ساڵ دروستکراوە. ئەم تابلۆیە پێکهاتووە لە شا سەنحاریب، مۆلیسیۆی هاوژینی و دوو کەسی دیکە."
دانیاڵ مۆراندی، سەرۆکی پڕۆژەکەیە و دەڵێت، "پاڵپشتیی داراییی ئەم شوێنەوارە لەلایەن ئاژانسی ئیتاڵی بۆ هاوکاری و گەشەپێدان بە گوژمەی 1.5 ملیۆن یۆرۆ دابینکراوە."
پارکی سەنحاریبی شوێنەواری دەکەوێتە خنس لە قەزای شێخانی سنووری پارێزگای دهۆک؛ پڕۆژەیەکی هاوبەشە لەنێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان. پارکەکە لە سیستمی ئاودێری، پەیکەری گەورەی بەردین، گای بە پەڕ و زنجیرەیەک هەڵکۆڵدراوە. ئەو شوێنە لەلایەن تیمەکانی زانکۆی ئودینی و بە پاڵپشتیی دارایی لەلایەن ئاژانسی ئیتاڵیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدان نۆژەنکراوەتەوە. بە بەشداریی باڵیۆز و کۆنسوڵی وڵاتەکە رێوڕەسمی کردنەوەی پارکەکە بەڕێوەچوو.
د. بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک دەڵێت، "لەدوای کردنەوەی، ئەم پارکە دەبێتە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ. لە هەمان کاتدا، دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ پارێزگای دهۆک."
ئەو پارکە دەبێت ناوەندی پارکی شوێنەواری گەورە لە دهۆک کە هەریەکە لە شوێنی شوێنواریی فایدە، جەروانا و ئەشکەوتی هەلامەتا لەخۆدەگرێت. لە قۆناخی پێشتردا، پارکی شوێنەواریی فایدە کراوەتەوە و لە ماوەی ساڵێکدا حەوت هەزار گەشتیار سەردانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ