رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى هاوبەشی نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى بۆ چارەسەرى پرسى ئاوارەکان پێکهات و لە یەکەم کۆبوونەوەدا جێبەجێکردنى تەواوى ماددەکانى رێککەوتنى شنگال و پێکهێنانى چەند لیژنەیەکى هاوبەش کرایە راسپاردە بۆ ئەوەى بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیران.
ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران سەرۆکایەتیی ئەو لیژنەیە دەکات، کە نوێنەرانى هەرێمى کوردستان و چەند وەزارەت و دامەزراوەیەکى حکومەتى فیدراڵى تێیدا ئەندامن؛ 12 ئاب لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەى لە بەغدا کرد.
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنە هاوبەشەکە پێکهات و ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی بوو، رێککەوتن لەسەر چەند راسپاردەیەک کراوە کە لە بارەى پرسی ئاوارەکانەوە پێشکێش کراون.
عەلى جیهانگیر گوتى "یەکێک لەو راسپاردانەى رێککەوتنى لەسەر کراوە؛ داوایەکى هەرێمى کوردستان بووە بۆ جێبەجێکردنى ئەو خاڵانەى رێککەوتنى شنگال پێشکێشى کردووە، کە جێبەجێنەکراون."
رێککەوتننامەى شنگال لە ساڵى 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى قەزاکە لە رووى ئەمنى و کارگێڕییەوە، واژۆ کرا.
لەو راسپاردانەى دیکە کە رێککەوتن لەبارەیانەوە کراوە، پێکهێنانى چەند لیژنەیەکى هاوبەشە لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى هەردوولا بۆ چارەسەرى پرسی کەمپى ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستان.
لیژنەى هاوبەشى وەزارەتەکانى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی هەردوولا، لیژنە بۆ چارەسەرى کرێى ئەو زەوییانەى کەمپى ئاوارەکانى لەسەر دروستکراوە، دیارترینی ئەو لیژنانە بوون، کە لەنێوان هەردوولا پێکهێندراون.
عەلى جیهانگیر گوتى "رێککەوتن لەبارەى زۆر لە راسپاردەکان کراوە و گفتوگۆ لەسەر راسپاردەى دیکەش دەکرێت، دواتر سەرجەمیان بەرز دەکرێنەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ئەوەى بڕیاری لەبارەوە بدرێت."
دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 2ـی تەممووز بڕیاری دا لیژنەیەکى هاوبەش لەگەڵ هەرێمى کوردستان پێکبهێندرێت بۆ یەکلاییکردنەوەى پرسی داخستنى کەمپى ئاوارەکان.
زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستاندان، نزیکەى 100 هەزار کەسیان کوردی ئێزدیی قەزای شنگالن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ