87 خێزانی دیکەی ئاوارەی کەمپی شاریا لە دهۆک گەڕانەوە شنگال

13-06-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
بۆ هەر خێزانێک هەزار دۆلاریان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە
بۆ هەر خێزانێک هەزار دۆلاریان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە
A+ A-

رووداو - دهۆک

ژنێکی تەمەن 67 ساڵی کوردی ئێزدی کە نۆ ساڵە لە کەمپی شاریای سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە، لەگەڵ خانەوادەکەی دەگەڕێتەوە شنگال و دەڵێت، هەموو کارەکانی تەواو کردووە بۆ گەڕانەوە، بەڵام خانووەیان وێران بووە و تاوەکو ئێستاش لە شنگال کێشەی ئاو و کارەبایان هەیە.
 
عەرتۆ سەیدۆ، ئاوارەی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خانووەکەمان رووخاوە، کارەبامان نییە و قەرزمان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی خانوو. بۆ خاتری خودا هاوکاریمان بکەن."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 87 خێزانی ئاوارە لە کەمپی شاریا لە دهۆک گەڕانەوە شنگال. ئەو پرۆسەیە لە چوارچێوەی بەرنامەی (عەودە) یان گەڕانەوەیە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی ئای ئۆ ئێمی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
 
موحیبەت رەشۆ، ئاوارەیەکی دیکەی شنگالە و باس لەوە دەکات، "سوپاس بۆ خودا دەچینەوە شوێنی خۆمان، لەوەش خۆشتر ئەوەیە کە بە سەلامەتی دەچینەوە. سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چەندین ساڵە لێرە هاوکاریمان دەکەن."
 
لە دوو ساڵی رابردوودا و لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا، 198 خێزانی ئاوارەی شنگال لە هەردوو کەمپی شاریا و بێرسڤی یەک گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. رێکخراوەکە هەزار دۆلار دەداتە هەر خێزانێک کە بیەوێت بگەڕێتەوە.
 
پیر دەیان، بەڕێوەبەری ناوەندی هاوئاهەنگی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک رایگەیاند، "بەداخەوە پرۆسەکە زۆر بەهێواشی بەڕێوەدەچێت. ئەمە دوو ساڵە تەنیا 198 خێزان گەڕاونەتەوە، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ خەڵکی شنگال، زۆر کەمە و داوامان کردووە ئەو پرۆسەیە خێراتر بکرێت."
 
لە ساڵی 2014 بەهۆی هێرشی داعشەوە، زیاتر لە 360 هەزار کەس لە خەڵکی شنگال ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 هەزاریان لەنێو کەمپ و شارەکانی هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە