رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە، کارەکانی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە بە سستی بەڕێوەدەچێت. بەڕێوەبەری ئاوی سنوورەکە دەڵێت، ئێستاش پارە بۆ پڕۆژەکە خەرجبکرێت لەکاتی خۆیدا تەواو دەکرێت.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارەیەک بۆ پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە خەرج نەکراوە، بۆیە کارەکانی بە سستی بەڕێوەدەچێت و تەنیا 5%ـی تەواو کراوە".
پڕۆژەکە 26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ـی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بڕیارە 26-06-2026 تەواو بێت.
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ گوتی: "بەڵێنی خەرجکردنی پارە دراوە و رێکارەکانیشی دەستیپێکردووە، چاوەڕوانین لەم رۆژانەدا خەرج بکرێت. لەم مانگەدا پارە خەرج بکرێت لەکاتی خۆیدا پڕۆژەکە تەواو دەبێت".
کۆتایی ساڵی رابردوو رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، بە فەرمی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە پارە بۆ پڕۆژەکە خەرج بکرێت و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانە.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ و بەشێک لە ناحیەکانی کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و چاوەڕوان دەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە کێشەکە چارەسەر بێت.
ساڵی رابردووش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو و 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ هەمان کێشە دووبارە ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ