رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو پارەی پاداشتی کارمەندانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی دابەش دەکرێت. سەرۆکی لقی کۆمیسیۆنی دهۆکیش دەڵێت، ئەوان 90%ی پارەکەیان دابەش کردووە.
بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی یەکشەممە 16-02-2025 دابەشکردنی پارەی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات".
پارەی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووق لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 150 بۆ 250 هەزار دینارە.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پارە بۆ سلێمانی گەیشتووە و چەند رێکارێکی کارگێڕیی بانکیی ماوە، بەڵام لە هەموو ئەگەرێکدا هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت".
لەبارەی دهۆکیشەوە خالید عەباس، سەرۆکی لقی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو هەفتەیە دابەشکردنی پارە لای ئێمە دەستیپێکردووە و 90%ـی کارمەندان پارەکەیان وەرگرتووە".
بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 20-10-2024 کرا، زیاتر لە 41 هەزار کارمەندی کۆمیسیۆن لەسەر سندووقەکان بوون.
هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان 100 هەزار دینار وەردەگرێت؛ کارمەندانی سەر ئامێرەکان 150 هەزار دینار و ئەو کارمەندانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن 250 هەزار دینار پاداشت وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ