رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەڵێت، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانیان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر، کەبابخانە و چێشتخانەکان ناچار دەکەن فلتەر دابنێن و بەپێچەوانەوە سزایان دەدەن.
دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر رۆژی پێنجشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکانمان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە بە تایبەت دوای بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چڕکردوونەتەوە و تاوەکو ئێستا 59 کارگە و پاڵاوگەی نایاسایی داخراون".
لەبارەی چالاکییە نوێیەکانیان هیرانی دەڵێت: "رۆژانە لیژنەکانمان سەردانی کەبابخانە و چێشتخانە و ئەو شوێنانە دەکەن ماسی دەبرژێنن و رێنوێنیان دەکەن، لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژدا فلتەر بۆ دووکەڵەکەیان دابنێن لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارەکەدا، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن".
لەبارەی سزاکانیشەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتی: "بە گوێرەی دووکەڵەکە پسوولەی سزا بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە فلتەر دانانێن، سزاکەش لە 500 هەزار بۆ سێ ملیۆن دینار دەبێت".
رۆژانە لیژنەکانی ژینگەی هەولێر دەچنە نزیکەی 15 کەبابخانە و چێشتخانە و رێنوێنییەکانیان پێ دەڵێن، پاش کاتی دیاریکراو سەردانیان دەکەنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێنوێنییەکان و بەپێچەوانەوە پسوولەی سزایان بۆ دەکەن.
ژینگەی هەولێر چەند ژمارە مۆبایلێکی وەکو هێڵی گەرم بڵاوکردووەتەوە و داوا دەکەن، هەرکەس پێشێلکاری ژینگەیی بینی ئاگاداریان بکاتەوە. ژمارەکان ئەمانەن: 07501859805 – 07501859808 - 07831239606
رۆژی 12ی کانوونی دووەمی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد، کە بریتین لە:
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسیی ئۆتۆمبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ