وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەخەی سەر هاوردەکردنی هەنار هەڵدەگرێت

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی هەنار و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، قەدەخەی سەر هاوردەکردنی هەنار هەڵگیرا.
 
رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ بەرهەمی هەنار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کرد، دەرکەوت کەمبووەتەوە و نرخیشی گرانبووە، بۆیە بڕیاریان دا قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی هەڵبگیرێت.
 
ساڵانە بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵی وەزارەت، لە کاتی پێگەیشتی بەرهەمە ناوخۆییەکان، هاوردەکردنیان قەدەخە دەکرێت، ئەویش بە مەبەستی ساخکردنەوە و بە بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی گوتی: "ئەم بڕیارەمان لە ژێر رۆشنانی بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان داوە، بە پاڵپشت بەیاسایی پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی و پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی."
 
ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە مەبەستی بەرژەوەندی گشتی بڕیاردرا بە هەڵگرتنی بڕیاری قەدەخە لەسەر هاوردەکردنی  هەنار لە 12/1/2025ـەوە."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو نووسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بە مەبەستی گرنتەبەری رێککاری پێویستی کارگێری و یاسایی."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی هەنار لە وەرزی پێگەیشتنیدا ساڵانە دەگاتە 80 هەزار تۆن و زۆرترینیشی هەناری هەڵەبجەیە، کە زیاترە لە 30 هەزار تۆن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە