رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە دەسووتێنێت. بەرپرسی لقیش دەڵێت، "هەرچەندە پێش ئەو کارەی، بەڵێنم پێیدا سەردانی بکەم، بەڵام ئارامی نەگرت و ئەو کارەی کرد."
ئەمڕۆ شەممە، 13-01-2024، گەنجێک بەناوی محەممەد هەڵەبجەیی، وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە سووتاند، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە و شوێنەکەی جێهێشتووە.
دلێر حەمەکەریم، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "من گەشتم کردووە، ئاگادارکرامەوە کە ئەو گەنجە بە نیازی کارێکی وایە، دەمودەست هەواڵم بۆی نارد و بەڵێنمدا سبەی یەکشەممە، لەبری دەوام، بچم بۆ ماڵیان و گوێ لە داواکارییەکانی بگرم، بەڵام وادیارە ئارامی نەگرتووە و ئەو زیانە مادییەی لە خۆی داوە."
ئۆتۆمبێلەکەی محەممەد هەڵەبجەیی جۆری تۆیۆتا کامری بووە و نرخەکەی لەنێوان 18-20 هەزار دۆلار بووە. دوای سووتاندنیشی شوێنەکەی جێهێشتووە و هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
دلێر حەمەکەریم دەڵێت، "ئێمە ئامادەین و دەرگامان لەسەر پشتە ئەگەر سەردانمان بکات یاخود بیەوێ خۆمان سەردانی دەکەین و گوێی بۆ دەگرین، ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دەیکەین."
هەر لەوبارەوە، بەرزان عوسمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، "دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەمان بۆ کێشەکەی محەممەد هەڵەبجەیی کردووەتەوە و لە بنکەی پولیسی هەڵەبجە دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگرین."
بەرزان عوسمان دەڵێت "پێشتر روونکردنەوەی داوە کە کێشەی لەگەڵ حیزب و دەزگاکەی خۆی هەیە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵام رێکاری یاسایی دەگرینەبەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ