رووداو دیجیتاڵ
خاوەنی ئەو هۆڵەی پار لە قەزای حەمدانییە ئاگری گرت و بەهۆیەوە و 134 کەس گیانیان لەدەستدا، بە 10 ساڵ بەندکردن سزا درا.
بەڕێوەبەرى ناحیەکە دەڵێت، "ئەو کەسە خەڵکى حەمدانییەیە و دەبێت قەرەبووى زیانلێکەوتووانی رووداوەکەش بکاتەوە".
بڕیارەکە چوارشەممە 11ى کانوونى یەکەم لە لایەن دادگەى تاوانەکانى نەینەوا دەرکراوە، سەمیر سلێمان کە خاوەنى هۆڵى هەیسەم بوو لە قەزاى حەمدانییە، بە 10 ساڵ بەندکردن سزا دراوە.
شەوی 26-09-2023ى ئاگر لە هۆڵەکەى حەمدانییەى سەر بە پارێزگاى نەینەوا کەوتەوە، کاتێک ئاهەنگێکى هاوسەرگیری تێدا دەکرا و بەهۆیەوە 134 کەس گیانیان لەدەستدا و 150 کەسی دیکەش بریندار بوون کە سەرجەمیان کریستیان بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ى کانوونى یەکەمى 2024، عیسام بەهنام مەتى، قایمقامى قەزاى حەمدانییە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: خاوەنى ئەو هۆڵە خەڵکى حەمدانییە و تۆمەتەکەى کەمتەرخەمى بووە، بە گوێرەى بڕیارەکەى دادگە، دەکرێت داواى تێهەڵچوونەوەى بکات.
1ـی تشرینى یەکەمى 2023 لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانییە رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە کەوتووەتەوە و لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کرد.
بەگوێرەى دەقى بڕیارەکەى دادگە، خاوەنى هۆڵەکە لە 27ى ئەیلوولى 2023وە بەندکراوە و ئەو ماوەیە وەک بەشێک لە سزاکەى هەژمار دەکرێت.
قایمقامى قەزاى حەمدانییە رایگەیاند: بڕیارەکەى دادگە مافى بە زیانلێکەوتووانى ئەو رووداوە داوە کە داواى قەرەبوو لە خاوەنى هۆڵەکە بکەن.
پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پڕۆژەیاسایەک کردووە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى ئاگرکەوتنەوەکەى قەزاکەى حەمدانییە، قەرەبووکردنەوەکە بە گوێرەى یاساى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى ھێرشە تیرۆریستییەکان و ئۆپەراسیۆن و هەڵەى سەربازى دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ