هەتەشە سوپاسى عێراق دەکات

12-12-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
باڵى سیاسیى دەستەى تەحریرى شام- هەتەشە، سوپاسی عێراق و چەند وڵاتێکى دیکە دەکات بە بۆنەى دەستپێکردنەوەى کارە دیپلۆماسییەکان لە سووریا و دەڵێت: "گەلى سووریا ئەو هەڵوێستە شەرەفمەندانەیەى بیرناچێتەوە".
 
 ئەو پەیامە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەى کارگێڕیى کاروبارى سیاسى سەر بە دەستەى تەحریرى شام بڵاوکرایەوە، کە باڵى سیاسی ئەو دەستەیە.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە کە سوپاس و پێزانینیان هەیە بۆ عێراق، میسر، سعودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، عومان و ئیتاڵیا بۆ دەستپێکردنەوەى کارى نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە دیمەشق.
 
8ى کانوونى یەکەم، کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا هێنرا و دەستەى تەحریرى شام بڕیاریدا حکومەتى کاتی بۆ قۆناخى راگوزەر لەو وڵاتە پێکبهێنێت.
 
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەدا هاتووە کە بەڵێنی راستەوخۆیان لەلایەن قەتەر و تورکیا پێدراوە بۆ ئەوەى باڵیۆزخانەکانیان لە سووریا بکەنەوە. 
 
 بەهۆى ئاڵۆزیى ئەم دواییەى دۆخى سووریا زۆربەى باڵیۆزخانەکان دیپلۆماتکارەکانیان لە دیمەشق کشاندەوە. 
 
کارگێڕیى کاروبارى سیاسى سەر بە دەستەى تەحریرى شام رایگەیاندووە، گەلى سووریا ئەو "هەڵوێستە شەرەفمەندانە"ى ئەو وڵاتانەى بیرناچێتەوە و هیوایان وایە پەیوەندییەکى باشیان لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانە هەبێت کە رێز لە ویستى گەل و سەروەریى دەوڵەتى سووریا و یەکێتیى خاکەکەى دەگرن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە