پەروەردەی شەقڵاوە: ئەم ساڵ 10 قوتابخانەمان نۆژەنکراونەتەوە

12-12-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە رایدەگەیێنێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە سنوورەکەیان سێ قوتابخانەی نوێ دروستکراون و ئەم ساڵیش 10 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە. دەشڵێت، نەوت بەسەر هەموو قوتابخانەکانی سنوورەکەدا دابەشکراوە.
 
مامۆستا خدر حەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە میوانی پۆدکاستی مژار بوو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات و باسی لە گرفتەکانی کەرتی پەروەردەی سنوورەکەی کرد و گوتی، بۆ ئەم ساڵی خوێندن نزیکەی 10 قوتابخانەی سنوورەکەمان نۆژەنکراونەتەوە، بەشی زۆری دەزگای خێرخوازیی بارزانی نۆژەنی کردوونەتەوە.
 
لەبارەی دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەی نوێ، بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە گوتی، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا سێ قوتابخانە (9 پۆلی و 12 پۆلی) لە سنوورەکەمان دروستکراون و  ئەم ساڵ یەک قوتابخانەی 12 پۆلی نوێ لە ناحیەی باسرمە دروستکراوە.
 
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شەقڵاوە، زۆرینەی قوتابخانەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەکەوێتە گوندەکانەوە. مامۆستا خدر حەمەد دەڵێت، لە سنووری پەروەردەی شەقڵاوە 179 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن؛ لەو ژمارەیە 117ـیان لە گوندەکانن.
 
لەبارەی ژمارەی خوێندکاران و مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەدەی شەقڵاوە، ئاماژەی بەوەکرد کە 27 هەزار و 43 خوێندکارمان هەن لەگەڵ زیاتر لە چوار هەزار مامۆستای میلاک و وانەبێژ.
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی شەقڵاوە لەبارەی دابەشکردنی نەوتیش بەسەر قوتابخانەکان گوتی، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەسەر قوتابخانەکانی سنوورەکەمان بەزوویی تەواوکرا و هەموو قوتابخانەکان نەوتیان وەرگرتووە.
 
لەبارەی بڕی نەوتی دابەشکراو ئاماژەی بەوە کرد، دابەشکردنی نەوت بەگوێرەی ناوچەکان جیاوازە؛ بەشێوەیەکە ناوچە ساردەکانی وەکو بالیسان و هیران، بۆ هەر پۆلێک 100 لیتر نەوت دیاریکراوە، ئەوانی دیکەش 75 لیتر نەوتیان پێداوە.
 
چەندین هاونیشتمانیانی گوندی فلوون لە دەشتی هەریر پەیوەندییان بە بەرنامەی مژار کردووە و دەڵێن،" کێشەی نەبوونی قوتابخانەمان هەیە و تا ئێستا بۆمان نەکراوەتەوە و داواکارن کێشەی قوتابخانەی گوندەکەیان چارەسەر بکرێت."
 
مامۆستا خدر حەمەد دەڵێت،" ئەو گوندە پێشتر بەهۆی نەبوونی خوێندکارەوە قوتابخانەکەی داخرابوو، ئێستاش کە خوێندکاریان هەیە. کێشەکە ئەوەیە ئەو باڵەخانەیەی پێشتر قوتابخانەی تێدابووە ئێستا مەرجەکانی سەلامەتی تێدا نییە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، هاوکات کێشەی میلاکیشمان هەیە، لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.