رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵی چالاکیی قوتابخانەکان لە هەولێر، حەوتەمین فێستیڤاڵی عوود سازکرا کە نزیکەی 20 ژەنیاری ئامێری عوود ئامادەی بوون و جگە لە میوزیک، گۆرانی و شیعریش لە فێستیڤاڵەکەدا پێشکێشکران.
لە فێستیڤاڵەکەی ئەم ساڵدا، 10 ژەنیاری گەنج بۆ یەکەم جار بەشدارییان کردبوو، هەروەها لە کۆتایی کەرنەڤاڵەکەدا، 10 ئامێری عوود بە تیروپشک وەکو خەڵات بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.
دکتۆر جەنگی جەلال، رێکخەری کەرنەڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند، "هەوڵمانداوە وەکو نەتەوەکانی دیکە هونەری خۆمان بپارێزین. من بە پسپۆڕیی خۆم کە دکتۆرام هەیە لە میوزیکدا، بە قسەی منیش نا، بەڵکو بەپێی بەڵگەی رۆژهەڵاتناسە ئەوروپییەکان، ئامێری عوود، ئامێرێکی کوردییە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کاسییەکان و سوبارییەکان کە لەنێوان چیاکانی جوودی لە باکووری کوردستان بوون."
هەڵمەت ئەحمەد، خوێندکاری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە، یەکەم جاری بوو بەشداریی ئەو جۆرە فێستیڤاڵە بکات، بە رووداوی گوت، هەستێکی خۆشە کە من وەک گەنجێک بەشدارم و ئەمە رێگەیەکە کە بتوانین بە عوود مۆرکی میوزیکی کوردی بپارێزین و خۆمان دووربخەینەوە لە کۆپیکردنی میوزیکی تورکی، فارسی و عەرەبی.
کریس جۆهانا، گەشتیارێکی فینلاندی بوو، وەکو سەردانکەر لە فێستیڤاڵەکە بوو و بە رووداوی گوت، "من یەکەم جارمە بێمە کوردستان، ئەمڕۆش لێرەم بۆ ئەوەی گوێم لە میوزیکی کوردی بێت. زۆر چێژم لە بەرهەمەکان بینی و زۆر سەرنجڕاکێش بوون."