لە قەڵادزێ 'بۆ دەستکەوتنی پارە' باڵندەکان بۆ جادووکردن بەکاردەهێنرێن

13-11-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
بەکارهێنانی باڵندە لە کاری جادوویدا
بەکارهێنانی باڵندە لە کاری جادوویدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە یەکێک لە گەراجەکانی وەستانی ئۆتۆمبێل لە قەڵادزێ، تیمی رووداو دوو باڵندە دەبینن کە بە جۆخۆرە ناسراوە، پەلەقاژەی فڕینیان دەکرد، بەڵام توانای فڕینیان نەبوو، کاتێک لێی نزیکبوونەوە، دەرکەوت کاغەزێک بە تیپ لەژێر باڵەکانیان دراوە و بەو هۆیەوە ناتوانن بفڕن.
 
عەبدوڵڵا نەجم خاوەنی گەراجەکەیە و نازانێت کێ و بۆ چ مەبەستێک ئەو نوسراوەی لەژێرباڵی باڵندەکان بەستووە، دەڵێت، "تاوەکو ئێستا شتێکی لەو جۆرە نەبووە، هیچم بەدەستی کەسەوە نەبینیوە، گەراجە یەکێ دێ و یەکێ دەڕوات، نیوەڕۆ چوومەوە نازانم چۆن هاتوون."
 
پەیامنێری رووداو بۆ زانینی نووسراوی سەر ئەو پارچە کاغەزەی لە ژێرباڵی باڵندەکان بەسترابوو، چووە لای مامۆستایەکی ئایینی شارەزا لە بەتاڵکردنەوەی نووشتە و جادوو، ئەو گوتی دیاردەی نووشتەکردن بەربڵاوە و جادووگەرەکان لە بەرامبەر دەستکەوتنی بڕێک پارە ئەندامانی جەستەی ئاژەڵ و باڵندەکان بەکاردەهێنن.
 
عەلی محەممەد، ئەو مامۆستا ئایینیەیە و دەڵێت، "پێغەمبەری خوا(د.خ.) لە باسی جادوودا دەفەرمووێت، جادووگەر کافرە ئیمانی نییە، من خووشکان و برایانیش ئاگادار دەکەم و هاوڵاتییانیش ئاگادار دەکەم کە سەردانی ئەو کەسانە نەکەن، چونکە سەردانیکردنی ئەو کەسانە بەڕاستی تاوانێکی یەکجار گەورەیە هەتا پێغەمبەری خوا(د.خ.) دەفەرمووێت خۆتان بپارێزن لە هەوڵدان بۆ تاوانە لە ناوبەرەکان یەکێک لەو تاوانە لەناوبەرانە جادووە."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی تەنیا لەهەفتەی رابردوودا 19 کەس بەتۆمەتی فریودان و ئەنجامدانی کاری نوشتە و جادوو دەستگیرکراون، سەرجەمیان بەپێی یاسا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە