رووداو دیجیتاڵ
کچان و ژنانی دەڤەری راپەڕین، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکی یەکەم فێستیڤاڵی تایبەت بەکارە دەستی و خواردنە کوردەواییەکانی خانمانی قەڵادزی بە ناونیشانی "کڕینی کاڵایەک پاڵپشتییە بۆ خانمان." سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکەش دەڵێت، "نامانەوێ چی دیکە خانمان لە ماڵەوە دابنیشن."
زەیتوون ئیبراهیم، دانیشتووی قەڵادزێیە، بەدروستکردنی پێنج جۆر شیرینی بەشداری فیستیڤاڵەکەی کردووە و دەڵێت، "لە دەڤەرێکی وەکو قەڵادزێ یان رانییە کە شوێنێکی بچووکە هەلی کار کەمە دەرفەتی دەرکەوتن کەمە بۆیە شتێکی جوان و باشە ئەگەر لەو جۆرە فێستیڤاڵانە توانای خانمان بخەنەڕوو."
بەناونیشانی کڕینی کاڵایەک پاڵپشتییە بۆ خانمان، یەکەمجارە فیستیڤاڵی پەری لەقەڵادزێ ئەنجام دەدرێت. چاوان بابەکر بەشداربوویەکی دیکەیە و گوتی، "بە چنین و نەخشی خەنە بەشداریم کردووە بەڕاستی ئەو فێستیڤاڵانە زۆر زۆر باشن بکرێن."
کازیوە دارا کوتاڵفرۆشێکە لە ناوچەکە باس لەوە دەکات کە خەڵکی دەڤەرەکە "زۆر بە گەرموگوڕی سەردانیان کردووین و دەستخۆشییەکی زۆرمان لێ کراوە بۆ بەرهەمەکان و تواناکانمان."
چنار عەبدوڵرەحمان لە فێستیڤاڵەکە بەشدارە و دەڵێت، "ئێمە وەکو گرووپی کیژانی لادێ بەشداریمان کردووە لەم فێستیڤاڵە بە دروستکردنی خواردن و ئیشی دەستی."
لە یەکەمین رۆژی فێستیڤاڵی پەری لە قەڵادزێ نزیکەی سێ هەزار کەس سەردانیان کردووە 70 خانمی سنووری ئیدارە راپەڕین بە خواردنە کوردەوارییەکان و کارە دەستەکانیان سەرنجی ئامادەبووانە راکێشاوە.
چنراوی جل و بەرگی کوردەواری و ملوانکە و مێخەک لەپاڵ گزەی سەماوەر فێستیڤاڵەکەیان گەرم و گوڕترکردووە.
کامەران محەممەد سەردانی فێستیڤاڵەکەی کردووە و گوتی، "بەشی کولتووری هونەرییەکان ئەوەی پەیوەندی بە جلوبەرگی کوردییەوە سەرنجی راکێشاوین یاخود نانی کورد بە ساج و شت دروست دەکرێت حەزدەکەین زیاتر منداڵەکان ئاشنابن."
عەلی قادر، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکەش رایگەیاند، "دەماندەوێت بەڕاستی چیدیکە خانمان لە کونجی ماڵەکان دانەنیشن چاویان لە دەستی پیاوەکان پێت، پێویستە خۆشیان بتوانن بێنە مەیدانەکە و بتوانن ببنە خاوەن داهاتی خۆیان."
ماڵی کەلەپووری قەڵادزێ بەهاوکاری لایەنە حکومییەکان سەرپەشتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە دەکەن، بۆ ماوەی دوو رۆژ لە پارکی شار لەقەڵادزێ بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ