رووداو دیجیتاڵ
وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناوی دەرچووان وردبینی دەوێت، هەروەها رێکاری کارگێڕی پێویستە و بەهۆی کەمیی کاتەوە بڵاوکردنەوەی وەرگرتنیان لە زانکۆکان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
بڕیارە 18ـی مانگ دەنگدانی تایبەت و 20ـی مانگ دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت. لە 15ی ئەم مانگەوە لە سەرجەم قوتابخانەکاندا پشووی فەرمی دەبێت. هەر دەرچوویەکی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرێت پشتگیریی قوتابخانەکەی دەوێت، ئەوەش هۆکارێکی دواخستنی وەرگرتنی دەرچووانە بۆ دوای هەڵبژاردن.
ئەم ساڵ ناوی 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچووی زیاترە. بەرپرسەکەی خوێندنی باڵا گوتی، "تەواوی ئەو دەرچووانەی داواکاریی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێش کردووە وەردەگیرێن".
زانکۆکان ئامادەکارییان بۆ وەرگرتنی قوتابیان کردووە. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم ساڵ توانای وەرگرتنی 8 هەزار و 579 دەرچووی 12ـی ئامادەییان هەیە.
هەروەها د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، توانای وەرگرتنی هەزار و 400 خوێندکاری نوێیان هەیە.
محەممەد سەیید گوڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی کۆیەش بە رووداوی گوت، ساڵانە نزیکەی هەزار و 250 خوێندکاری نوێ وەردەگرن.
لە زانکۆی چەرموو لە چەمچەماڵیش ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکاری نوێ کراوە. د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ خوێندنی ساڵی نوێ دەتوانن 520 دەرچووی 12ـی ئامادەیی وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ