رووداو دیجیتاڵ
168 پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی ئیبراهیم خەلیل کەوتوونەتە بەر هێڵی شەمەندەفەر. ئەو پارچە زەوییانە پێش ساڵی 2014 بە خەڵکی دراون و بەشێکیان خانوویان لەسەر کراوە. لەدوای 2014 شارەوانیی ناحیە لەلایەن وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادارکراوەتەوە رێگە بە دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لەسەر ئەو پارچە زەوییانە نەدات. خەڵکیش داوای قەرەبووکردنەوەی دەکەن.
یووسف ئیبراهیم هاووڵاتییەکی ناحیەی ئیبراهیم خەلیلە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. شەش ساڵە پارچە زەوییەکی کڕیوە، رووبەرەکەی 250 مەتر دووجایە و 30 هەزار دۆلاری پێداوە. لە ساڵی 2020 دا ویستوویەتی بیکاتە خانوو، بەڵام شارەوانی رێگەی پێنەداوە و پێی گوتراوە خانووەکەی دەکەوێتە سەر هێڵی شەمەندەفەر.
یووسف ئەفسەری پێشمەرگەیە و دەڵێت، "مانگانە 250 هەزار کرێ دەدەم. لە ساڵی 2018ـەوە تاوەکو 2020، 10 ملیۆن پارەی کرێم داوە و دوای ئەوەش 10 ملیۆنی دیکەم داوە؛ واتە 20 ملیۆن کرێم داوە."
زەکی عەبدوڵڵا، موختارە و باس لەوە دەکات، "دوو کوڕم هەیە و لە خانووەکدا دەژین. دوو پارچە زەویم هەیە کە کڕیومن. تاوەکو 25 هەزار دۆلارم تێدا خەرجکردوون تاوەکو راستم کردوون بۆ ئەوەی بیانکەمە خانوو، بەڵام رێگەمان پێنادرێت."
نزیکەی هەزار دۆنم زەوی لە سنووری شارەوانیی ئیبراهیم خەلیل بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان تەرخانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کوژاندنەوەیان بۆ نەکراوە."
ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی ئیبراهیم خەلیل دەڵێت، "پارچە زەوییەکمان ئامادەکردووە و نووسراویشمان ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و کشتووکاڵ کردووە کە نزیکەی هەزار دۆنمە و کوژاندنی بۆ بکرێت و قەرەبووی خەڵکی بکرێتەوە."
بڕیارە هێڵی شەمەندەفەر لە تورکیاوە هەنگاو بنێتە نێو سنووری زاخۆ و دواتر بەرەو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق درێژبێتەوە. پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ