کارەبای سۆران: 81 ملیار دینار قەرزمان لای هاوبەشانی کارەبایە

12-08-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران رایدەگەینێت، نزیکەی 60٪ کورتهێنانیان هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری و ئێستا رۆژانە نزیکەی 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی لەسنووری ئیدارەی سۆران هەیە. دەشڵیت، نزیکەی 81 ملیار دینار قەرزی کارەبا لای هاوبەشانی سنوورەکەیە.
 
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی زۆری خواست لەسەر کارەبا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، رۆژانە نزیکەی 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و دابەشکردنی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران بەجۆرێک رێکخراوە کە لەکاژێر 1ی شەو تاوەکو 12ی نیوەڕۆ لە ناوەندی شارەکان هەیە، لە 12ی نیوەڕۆ تاوەکو 1ی شەو دەدرێتە فیدەری گوندەکان، چونکە لە گوندەکاندا موەلیدە نییە."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "رۆژانە لە کاژێر 12ی نیوەڕۆ تاوەکو 1ی شەو موەلیدەی ئەهلی لەنێو شارەکان کاردەکەن و کارەبا بۆ هاونیشتمانییان دابین دەکەن، بەڵام خشتەی دابەشکردنەکە وادانراوە لەکاژێر 5:30 بۆ ماوەی نزیکەی کاژێرێک و نیو موەلیدەکان دەکوژێنرێنەوە بۆ ئەوەی ئیسراحەتی پێبدرێت."
 
لەبارەی بڕ و پشکی سنووری ئیدارەی سۆران لە کارەبای نیشتمانی، ئەردەوان ئیبراهیم ئاماژەی بەوەکرد،" نزیکەی 120 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی هەرێمی کوردستان دەدرێتە ئیدارەی سۆران، بەڵام بۆ کارەبای 24 کاژێری پێویستان بە 287 مێگاوات کارەبا هەیە، واتا نزیکەی 60٪ کورتهێنان لە دابینکردنی کارەبای نیشتمان لە سنوورەکەدا هەیە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران، ئێستا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە "جووڵە وزە" جێبەجێدەکات کە توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبای هەیە. دەشڵێت،"وێستگەی 100 مێگاواتی بێلیزیان، بە "جووڵە وزە" کار دەکات و تەکنەلۆژیا و داهێنانی نوێیە لەبەرهەمهێنانی کارەبا و بەبێ سووتەمەنی کاردەکات و دۆستی ژینگەیە. پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە جێبەجێدەکرێت و یەکەمجارە لە رۆژهەڵاتی نیوەڕاست ئەم پرۆژەیە جێبەجێدەکرێت."
 
لەبارەی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی 87 هەزار هاوبەشی کارەبا لەسنووری ئیدارەی سۆران تۆمارکراون لەهەموو جۆرەکانی (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵی و میری) و نزیکەی نزیکەی 75٪ی هاوبەشانی کارەبا لە ئیدارەی سۆران پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، بەڵام لەناوەندی قەزای چۆمان و مێرگەسۆر تائێستا پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا نەبەستراوە.
 
گوتیشی، 37٪ی کارەبای بەفیڕۆچوو لەسنووری ئیدارەی سۆران لەو شوێنانەیە کە تائێستا پێوەری زیرەکیان بۆ نەبەستراوە.
 
لەبارەی بڕی قەرزی کارەبا لای هاوبەشانی کارەبا لەسنووری سۆران، دەشڵیت، نزیکەی 81 ملیار و 500 ملیۆن دینار قەرزی کۆنی کارەبا لای هاوبەشانە، بەڵام ئێستا مانگانە پارەی بڕی کارەبای خەرجکراو لە هاوبەشان وەردەگرێت.
 
پرۆژەی راکێشانی هێڵی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤی لەنێوان سۆران و چۆمان بە درێژایی 45 کیلۆمەتر و قۆناخی دووەمی 33 کەی ڤی لە چۆمان بۆ حاجی ئۆمەران لە قۆناخی کۆتاییدایە و تەنیا بەستنی کێبڵی(تەل) تاوەرەکان ماوە.
 
ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران دەڵێت، پرۆژەی هێڵی کارەبای 132 کەی ڤی سۆران - چۆمان و 33 کەی ڤی چۆمان - حاجی ئۆمەران، گوژمەی 13 ملیار دینارە و لەلایەن وەزارەتی کارەباوە جێبەجێدەکرێت، هەموو کارەکانی تەواو بووە و تاوەرەکانی دانراوە، ئێستا کێبڵی تاوەرەکان ماوە و کاری تێدا دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سۆران گوتیشی، پرۆژەکە لە دوو وێستگەی تێدایە کە 132 کەی ڤی لە چۆمان و 33 کەیڤی لە حاجی ئۆمەرانە، لە 15ی ئەیلولی ئەمساڵ تەواودەبێت و پرۆژەکە دەکرێتەوە.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.