گالەری


رووداو دیجیتاڵ

ئێستا لە عەلوەی هەولێر زیاتر لە 10 بەرهەمی نێوخۆیی هەیە، بەڵام بەشێک لە جووتیاران نیگەرانن لە ساخنەبوونەوەی بەرهەکانیان و دەڵێن، تێچووی بەرهەمێنانیشیان بۆ نامێنێتەوە.
 
هەرێمی کوردستان لە چەند بەرهەمێکدا ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە و ئەوەی زیاترە لە پێداویستیی نێوخۆ، هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی دەکات، لەوانە تەماتە، پەتاتە، شووتی، خەیار، پیاز و کوولەکە؛ هەروەها مریشک و هێلکە بەهۆی زیاتربوونی لە پێداویستیی نێوخۆ هەناردە دەکرێت.
 
زۆربوونی بەرهەم و کەمبوونەوەی خواست لەسەری، جووتیارانی نیگەرانکردووە. حاجی محەممەد، جووتیارێکی دەشتی هەولێرە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی کیلۆیەک پەتاتە لەسەر خۆی 300 بۆ 350 دینارە، بەڵام لە بازاڕەکاندا 200 دینار دەکات، ئەمەش بۆ جووتیاران زیانی زۆرە، چونکە تێچووی بەرهەمهێنانی پەتاتە زۆرە.