رووداو دیجتاڵ
عالیا و بەسێ دوای نۆ ساڵ گەیشتنەوە باوەشی کەسوکار و ئازیزانیان، کەسوکارەکەیشیان بە گوڵ و هەڵهەڵەلێدان و فرمێسک پێشوازییان لێکردنەوە.
ئەو دوو کچە کوردە ئێزدییە کە تەمەنیان 12 و 13 ساڵان بوو، لە ساڵی 2014 لەکاتی هێرشی داعشدا کەوتبوونە دەست چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە؛ دوای ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیی خۆیان بۆ ئازادی و چاوەڕوانیی کەسوکاریشیان بۆ بینینەوەیان، رۆژی چوارشەممە چوونەوە لای ماڵباتەکەیان لە کەمپی چەمشکۆ لە زاخۆ.
بەهۆی ئەوەی ئەو کاتەی کەوتبوونە دەستی داعش منداڵ بوون، ئێستا زمانی دایکی خۆیان بیرچووەتەوە. بەسێ خەڵەف بە رووداوی گوت، "لەوێ لەنێو کەمپدا بووین، هەموو کات هیوامان دەخواست بگەڕێینەوە و کەسوکاری خۆمان ببینین و دڵخۆش بین، سوپاس بۆ خودا ئێستا گەڕاینەوە."
زینە خوشکی عالیا و بەسێ خەڵەفە؛ ئەویش سێ ساڵ بەر لە ئێستا رزگارکرا. ئەوان خێزانێکی هەشت کەسی بوون و لە گوندی سۆلاخ لە شنگال کەوتنە دەستی داعش، تاوەکو ئێستا دایک و باوک و دوو برای و خوشکێکی بێسەروشوێنن.
زینە بە رووداوی گوت، "هیوادارم جارێکی دیکە دایک و باوک و خوشک و براکانی دیکەم ببینمەوە و ئەوانەی لەژێر دەستی ئەو کافرانەدان، رزگاریان ببێت."
سێ مانگ بەر لە ئێستا عالیا و بەسێ رزگارکران، بەڵام بەهۆی چاوەڕوانیی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی، گەڕاندنەوەیان بۆ لای ماڵباتەکەیان دواکەوت.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی بە رووداوی راگەیاند، بە رێگەیەکی تایبەت توانیویانە زانیارییان لەسەر کۆبکەنەوە و تاوەکو گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو دوو کچە کوردی ئێزدین و رفێندراون.
لە ساڵی 2014 و لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر شنگال، شەش هەزار و 417 کچ و ژنی کوردی ئێزدی کەوتنە دەست چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 570 کەسیان رزگارکراون و ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ