گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لەنێو کەمپی دۆمیز، کە تایبەتە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان، رێکخراوی لیمۆن تری ترەست باخچەیەکی گەورەی کردووەتەوە، چەندین جۆر گوڵ و سەوزە و میوەی تێدایە، 50 پارچە زەویی دوو مەتر بە چوار مەتری بەسەر 50 خێزانی پەنابەری کەمپەکەدا دابەشکردووە.
 
ئەڤین ئیبراهیم، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە رووداوی گوت، "ئەم باخچەیە زیاتر لە 200 مەتر دووجایە، لە ساڵی 2016 کراوەتەوە، ئامانج لە کردنەوەی باخچەکە ئەوەیە کە ئافرەتانی پەنابەر گوشارێکی زۆریان لەسەرە و هەندێکیشیان هاوژینەکانیان نەماون و هەندێکیشیان بە هۆکاری جیاواز جیابوونەتەوە."
 
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، ئافرەتەکان بۆئەوەی تووشی گرفتی دەروونی نەبن، رۆژانە دەچن لەوێدا سەرقاڵی باخەوانی دەبن، "لەم باخچە گەورەیەدا 50 ئافرەت باخەوانی دەکەن، سەرجەم پێداویستییەکانی کشتوکاڵیان بۆ دابیندەکەین. ئەوان تەنیا کاری باخەوانی دەکەن، بەڵام فرۆشتنی بەرهەمەکان بۆ خۆیانە و دەتوانن بیکەنە سەرچاوەیەکی داهات."