كۆمپانیایەكی هوڵەندی دەیەوێ كێشەی رێگەوبان لە كوردستان چارەسەر بكات

12-07-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن كێشەی رێگەوبان
A+ A-
ئارماندۆ كۆردۆبا
رووداو - هەولێر

كۆمپانیایەكی هۆڵەندی دەیەوێ بە تەكنیكی تازە خۆڵی كوردستان بەكاربهێنێت بۆ دروستكردنی رێگاكانی دەرەوە و بەرپرسێكی كۆمپانیاكەش دەڵێت “بەكارهێنانی خۆڵێكی باش لە دروستكردنی رێگاكاندا گرەنتی 20 ساڵ دەدات بۆ تێكنەچوونی رێگاكە”.

بەرپرسانی ئەو كۆمپانیا هۆڵەندییە مانگی رابردوو لە هەرێمی كوردستان بوون و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بینی و باسی ئەو تەكنەلۆژیا تازەیەیان بۆ كرد كە بۆ دروستكردنی رێگەوبانەكان بەكاری دێنن، هەروەها چارەسەركردنی كێشەی رێگەوبانە خراپەكان.

مارتن ماس، ئەندازیار و نوێنەری كۆمپانیای (تیرا ستاب)ی هۆڵەندی دەڵێت “بەكارهێنانی خۆڵێكی باش لە دروستكردنی رێگاكاندا گرەنتی 20 ساڵ دەدات بۆ تێكنەچوونی رێگاكە”.

تەكنیكە نوێیەكەی ئەو كۆمپانیایە بریتییە لە هەڵسەنگاندن و پشكنینی ئەو خۆڵەی بۆ پڕكردنەوەی رێگاكان بەكاردەهێندرێت، پاشان خاڵە لاواز و بەهێزەكانی خۆڵەكە دەستنیشان دەكرێت، ئینجا ماددەی كیمیاوی پێویست بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی توانای بەرگەگرتنی خۆڵەكە زیاد بكات، ئەوەش لە ئەنجامی كۆتاییدا رێگەوبانەكان بەهێزتر دەكات. ماس روونیكردەوە “مەبەستمان لەو كارە بەهێزكردنی رێگاكانی كوردستانە”.

تازەترین ستراتیژی پێشخستنی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2012-2016) خۆی لە دروستكردنی رێگایەكی تازە دەبینێتەوە كە بتوانێت بەرگەی بارهەڵگرە گەورەكان بگرێت و تۆڕێكی گەورەی رێگاوبان بنیات بنرێت كە سەرجەم شارەكانی كوردستان بەیەكدی ببەستێتەوە و ئاسانكاری بۆ بارهەڵگرەكان بكات.

لە تازەترین كۆنفرانس كە لە هەولێر ئەنجامدرا، سینان چەلەبی، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گوتی “پێویستمان تەنیا بە 350 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە ئەنجام بدەین، سەرەڕای خزمەوتگوزاری رێگاوبان و چاككردنەوەی رێگاكان لە كاتی بوونی هەر كەموكورتییەك”.

بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پرۆژەیە د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان گوتی هیوادارم درێژی رێگاكان زیاد بكرێت و بگاتە 45 هەزار كیلۆمەتر. هەروەها بتوانین 3 رێگەی سەرەكی بنیات بنێنین بۆ ئەوەی هەر 3 شارەكەی هەرێمی كوردستان بەیەكدی ببەستینەوە و پاشان هەرێمی كوردستانیش بە وڵاتانی دراوسێوە ببەستینەوە. جگە لە دروستكردنی رێگەی تازە ئەو پرۆژەیە تونێل و بەرزە پرد و رێگە سەرەكییەكانیش لەخۆدەگرێت.

وەزیری پلاندانان بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان زیاتر گوتی” بڕی تێچوو بۆ ژێرخانی ئەو پرۆژەیە لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەی سەرجەم بوارەكانی دی پێویستمان بە 1.1 ملیار دۆلار دەبێت، بە گوێرەی ئەو رووپێوەی وەزارەت كردوویەتی”.

ماس دەڵێت “ئەگەر بتوانین ئەو خۆڵەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ دروستكردنی رێگا بەكاربهێنین، لە رووی كات و پارەوە قازانجێكی زۆر بە كوردستان دەگەیەنین”.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە