بەهۆی نەبوونی بەنداو و پۆند لە راپەڕین ئاوی زۆر بەفیڕۆدەچێت

12-05-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
 بووژانەوەی چەم و کانیاوەکان ئاوی سەرزەویی زیادکردووە، بەڵام سوودیان لێ وەرناگیرێت
بووژانەوەی چەم و کانیاوەکان ئاوی سەرزەویی زیادکردووە، بەڵام سوودیان لێ وەرناگیرێت
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

بارانبارینی زۆر و تووانەوەی بەفری چیاکان لە هەموو لایەکەوە رووبار و چەمە وەرزییەکانیان ژیاندووەتەوە و ئاوی سەر زەوی زیاد بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەنداو و پۆند لەگەڵ سیستمێکی گونجاو بۆ هەڵگرتنی ئەو ئاوە، سوودی لێ وەرناگیرێت و بەفیڕۆ دەچێت. 
 
جووتیارێکی شارۆچکەی ژاراوە بەناوی عومەر بابەکر کە خاوەنی زەویی کشتوکاڵییە، گلنەدانەوە و بەفیڕۆچوونی ئاوی ئەو رووبارەی بەتەنیشت زەوییە کشتوکاڵییەکانیدا تێدەپەڕێت، نیگەرانی کردووە، دەڵێت، مانگی تەممووز دڵۆپێکی پێدا نایێتە خوارەوە.
 
بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە ئێرانەوە، هاوینان کێشە بۆ ئاوی زێی بچووک دروست دەبێت و کەم دەکات، ئەو جووتیارە دەڵێت، ''لە مانگی حەوتەوە گرفتی کەمئاویمان بۆ دروست دەبێت، هەموو جووتیارەکان پشت بە ئاوی بیر دەبەستن، مەسرەفێکی زۆرمان لەسەر دەکەوێت، داواکارین حکومەت بەنداومان بۆ دروست بکات.''
 
هەڵکەوتەی سنوورەکە و زۆریی کانیاو و چەمە وەرزییەکان گونجاون بۆ بەنداو، بەڵام تائێستا نەتوانراوە سوودی لێ ببینرێت.
 
محەممەد عەبدوڵڵا، دانیشتووی گوندی گرتکە و دەڵێت، ''ئاوی چەمەکانمان چەند ساڵە بە بەلاش رۆیون، خەڵکی پشدەر و بیتوێن هیچ سوودێکیان لێ نەبینیون، تەنانەت بۆ دەربەندیش سوودی کەمە، بە بەلاش دەڕوات.''
 
بە گوێرەی ئاماری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین، ئێستا لە هەر چرکەیەکدا 300 مەتر ئاو بە زێی بچووکدا دەڕوات، بە بەراورد بە هەمان کاتی پار 60٪ زیادیکردووە.
 
سپاردە محەممەد، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین پێی گوتین، ''کارمان کردووە بۆ ئەوەی پۆند و بەنداو دروست بکەین، سرووشتی ناوچەکەمان گونجاوە و تێچووی کەمە، بەڵام قەیرانی دارایی رێگربووە لە جێبەجێکردنیان.''
 
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا لە ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە 800  ملیمەتر باران باریوە، بە بەراورد بە پار 200 ملیمەتری زیاترە.
 
دەیان چەم و رووباری وەرزی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین هەن، هەرچەندە دیزان و دەرخستەی پێنج بەنداو بۆ گلدانەوە و بەفیڕۆنەچوونی ئاوی ئەو چەم و رووبارانە لە 2009 دراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنیان نەنراوە. 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە