شارەوانیی خەبات: بەهای نزیکەی دوو ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاریمان جێبەجێکردوون

12-05-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی شارەوانیی قەزای خەبات رایدەگەینێت لەماوەی رابردوودا بە بەهای نزیکەی دوو ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە ناوەندی قەزای خەبات خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
دەشڵێت، نزیکەی 100 داواکارییان پێشکێشکراوە بۆ پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی و چاوەڕوانن لە هەفتەی داهاتوودا رەزامەندییان لەسەر بدرێت.
 
رێبین عەونی، سەرۆکی شارەوانیی قەزای خەبات، میوان بەرنامەی مژاری بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، باسی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری شارەوانیی خەبات کرد و گوتی، لە ماوەی رابردوودا چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییان لە ناوەندی قەزای خەبات جێبەجێکردووە کە بەهایان زیاتر لە ملیارێک و 980 ملیۆن دینار بوون.
 
سەرۆکی شارەوانی خەبات ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پرۆژانەی لە قەزاکەدا جێبەجێیان دەکەن، لە کەرتی دروستکردنی شەقام و شۆستە و تۆڕی ئاوەڕۆ بوون، لەوانە: 
 
- دروستکردنی شەقامی 15 مەتری لە گەڕەکی کشتوکاڵ بە گوژمەی 144 ملیۆن دینار، لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
 
- دروستکردنی شەقام و تۆڕی ئاوەڕۆی بۆ گەڕەکی ئاشتی بە گوژمەی 755 ملیۆن دینار، لەپرۆژە تەواو نەکراوەکانە و ئێستا دەستپێدەکاتەوە.
 
- پرۆژەی شەقامی کۆنکرێتی لە گەڕەکی شەهیدان بە گوژمەی 327 ملیۆن دینار، تەواوکراوە.
 
- دروستکردنی شەقامی کۆنکرێتی لە نزیک میحوەر و کۆمەڵگەی ئیداری بە گوژمەی 239 ملیۆن دینار.
 
- پرۆژەی دروستکردنی شەقام و تێکەڵەرێژ لەگەرەکی هەنجیرۆک بە گوژمەی 62 ملیۆن دینار.
 
- تەواوکردنی و قیرکردنی شەقامی 20 مەتری لەگەڕەکی کانی مام سینس بە گوژمەی 404 ملیۆن دینار.
 
- دروستکردنی ئاوەڕۆی لولەیی لە گەڕەکی ئیداری، بە گوژمەی 52 ملیۆن دینار.
 
بەگوتەی رێبین عەونی، لە کۆی 13 گەڕەکی شارەکە زۆرینەی گەڕەکەکان خزمەتگوزاریی تەواویان بۆکراوە، ئەو گەڕەکانەیشی کە ماون و خزمەتگوزارییان بۆ نەکراوە، بەگوێرەی ریزبەندی و بوودجەی تەرخانکراو پرۆژەیان بۆ جێبەجێبکەین.
 
لەبارەی پرۆژەی راگیراو لە سنووری شارەوانیی خەبات، ئاماژەی بەوەکرد، یەک پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری گەڕەکەکانمان هەیە کە راگیراوە، پرۆژەکە بەهای نزیکەی 800 ملیۆن دینارە.
 
لەبارەی پێدانی مۆڵەت بە زەوی سندووقی بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان خانووی لەسەر دروست بکەن، سەرۆکی شارەوانی خەبات ئاماژەی بەوەکرد، لە سنووری قەزای خەبات نزیکەی 100 داواکاری پێشکێشکراون بۆ رێگەپێدان و مۆڵەتی زەوی سندووقی، داواکارییەکان لە پارێزگای هەولێرن و لەوانەیە لە هەفتەی داهاتوو رەزامەندییان تەواو بکرێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە