رووداو دیجیتاڵ
بارانی بەلێزمە لە چەندین شار و ناوچەی هەرێمی کوردستانی باری. لە هەندێک شوێن کە رەشەباشی لەگەڵدا بوو، بووە هۆی لافاو، بەپێی بەدواداچوونی رووداو لە هەندێک شار، قەزا و ناحیەکان ئاو چووەتە نێو ماڵ، قوتابخانە و دووکانەکان و زیانی گیانی و ماڵیشی لێکەتووەتەوە و مەترسی لەسەر گیانی دانیشتووانی هەندێک لە گوندەکانیش هەیە.
بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە ئەمڕۆ چوارشەممە 12-04-2023 بڵاویکردووەتەوە، "بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوام دەبێت و بارانی بەلێزمە و هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت. ئێواری ئەمڕۆ لە سنوورى پارێزگاکانى هەولێر، سلێمانى، هەڵەبجە، ئیدارەى گەرمیان، سۆران و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى کەرکووک و دهۆک بارانى بەلێزمە و بەهێز دەستیپێکردووە و بەردەوامیی بارانی بە خوڕ و رەشەبا پێشبینی دەکرێت."
جگە لە داتا و ئامارە فەرمییەکان، سەتان ڤیدیۆ لە سەرجەم ئەو شوێنانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە بۆ دیجیتاڵ میدیای رووداو نێردراون، کە قەبارەی زیانە مادییەکانی لافاو و رەشەباکە دەردەخەن.
لە ئاکرێ ئاو چووە نێو 100 ماڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە رووداوی گوت، لە سیپە و هەندێک لە گەڕەکەکانی ئاکرێ لافاو دروستبووە و ئاو چووتە نێو چەندین ماڵ و دووکان.
عەقید ئیبراهیم فەریق ئاماژەی بەوە کرد، لە ئاکرێ لە کاژێر 9:00 بۆ 13:00، لە ماوەی چوار کاژێردا 53.4 ملیمەتر باران باریوە، ئەمەش رێژەیەکی زۆری بۆ ماوەیەکی کورت و ''ئەگەری هەیە ئاستی ئاو زیاتر بەرزببێتەوە و بچێتە نێو ماڵەکانیشەوە''.
زیانی گەورە بەو رێگایەش کەوتووە، کە دەکەوێتە نێوان ناحیەی دینارتە و سەنتەری ئاکرێ. ئەو رێگایە کەمتر لە ساڵێکە کراوەتەوە و بەشێکی رووخاوە، بۆیە ئێستا هاتن و چوون تەنیا لەسەر یەک سایدی رێگاکە هەیە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارستانیی ئاکرێ، تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز، زیانی گەورەی ماددی بەرکەوتووە و ئاو چووەتە نێویەوە. لە بجیلیش لافاو زیانی لە 75 کەپری گەشتیاری داوە.
شەعبان بەرواری، قایمقامی قەزایی ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، لافاو زیانی بە نزیکەی 100 ماڵ و سەیرانگای ناوچەکە گەیاندووە.
لافاوەکەی ئاکرێ زیانی گیانی لێکەوتەوە
هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە قەزای ئاکرێ رایگەیاند، لە گوندێکی ئەو قەزایە کەسێک بە ناوی مستەفا هەرکی کە نەخۆشیی دڵی هەبووە، بەهۆی نەبوونی رێگە نەتوانراوە بگەیێندرێتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە، دەشڵێت هێشتاش رێگەی گوند نەکراوەتەوە و کەسوکارەکەی ناتوانن خۆیان بگەیێننە ماڵەکەی.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشکرد لە گەڕەکی سیپەی سنووری قەزای ئاکرێ چەندین دووکان بە تەواوی ژێرئاو کەوتوون و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، "هاوینەهەواری سیپەش بەهۆی لافاوەوە وێران بووە".
لە سنووری خەبات رەشەبا، چەندین داری بەتەمەنی شکاند
لە قەزای خەبات رەشەبای بەهێز و بارانبارین زیانی مادی زۆریان لێکەوتووەتەوە و بەگوتەی دانیشتووانی قەزاکە، ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 15:00 لە جووتسایدی سەرەکی، رەشەبایەکی زۆر بەهێز بووەتە هۆی شکاندنی چەندین دار کە تەمەنیان 40 بۆ 50 ساڵ دەبێت.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە قەزای خەبات دەڵێت، لە چەند شوێنێک هێڵەکانی کارەبا زیانیان پێگەیشتووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ پێشگرتن لە زیانی ماددی و گیانیی لافاوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی نزیکن لە زێی گەورە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. پەیامنێری رووداویش لەوبارەوە گوتی، ''ئاستی ئاوی زێی گەورە بەرزبووەتەوە و لە چەند شوێنێکی قەزای خەباتیش ئاو چووتەوە نێو ماڵەکان و خەڵکی دەوروبەری زێی گەورە ماڵەکانیان چۆڵکردووە''.
هەر لە قەزای خەبات لە گوندی باستام، بەشێک لە بنمیچی خانوویەک و شووشەی پەنجەرەکانی رووخا، کە لە ئەنجامدا سێ منداڵ بریندار بوون.
مستەفا کە پێشمەرگەیە و باوکی سێ منداڵەکەیە بە رووداوی راگەیاند: "منداڵەکان یەکێکیان شووشە بە سەری کەوتووە، یەکێکیان بە هەردوو قاچی و ئەوەی دیکەیان بەر قۆڵی، بەڵام تەندروستیان باشە".
لە سنووری پارێزگای دهۆک، زۆرترین زیان بە ناحیەی بامەڕنێ کەوتووە
نایف رەمەزان پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ناحیەی بامەڕنێی سەر بە قەزای ئامێدی دەڵێت، بەهۆی بارانبارینی بەلێزمە و لافاو، ئاو چووەتە نێو چەندین ماڵ. دەشڵێت ئاوی زۆر لە چیا و بەرزاییەکان هاتووەتە خوارەوە و بەردی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و بەهۆیەوە رێگەی بامەڕنێ بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، ئاو زیانی بە چوار ئۆتۆمبێل گەیاندووە، خاوەنی ئۆتۆمبێلێک لەوبارەوە دەڵێت ''ئاو نزیکەی دوو مەتر بەرزبووەوە و ئێمەش لە ماڵەوە ناچار بووین بچینە نهۆمی سەرووی خانووەکەمان، بەڵام لافاو 70 بۆ 100 مەترێک ئۆتۆمبێلەکەمی لەگەڵ خۆیدا برد و زیانی زۆری پێگەیاند''.
سەرۆکی شارەوانیی بامەڕنێ لەبارەی زیانەکانی لافاو بە پەیامنێری رووداوی گوت، هەندێک لە جادە و رێگەکان بەهۆی لافاوەوە داخرابوون و نزیکەی 21 ماڵ و دوو قوتابخانەی بنەڕەتیش زیانیان بەرکەوتووە.
لە بارزان لافاو ئاژەڵ و ئۆتۆمبێلی لەگەڵ خۆیدا برد
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە گوندی سێلکێی بارزان رایگەیاند، ئاو چووەتە نێو نزیکەی 40 ماڵ و هاووڵاتییان ماڵەکانیان جێهێشتووە بۆ ماڵەکانی سەرووتر.
رێگەی سەرەکیی گوندی سێلکێ بەهۆی لافاوەوە بە تەواوی داخراوە و پەیامنێری رووداو دەڵێت، هاتووچۆ لە تەواوی جادە و رێگەکان راگیراوە و هیچ رێگەیەک نییە.
هاونیشتمانییەکی گوندی سێلکێ بە پەیامنێری رووداوی گوت: ''ئەمڕۆ بەیانی زوو بارانبارین دەستیپێکرد، هیچ رێگەیەک بۆ هاتن و چوون نەماوە و دەرباز نابین''؛ دەشڵێت، هەندێک لە خانووکان زیاتر لە دوو مەتر ژێرئاوکەوتوون و لافاو ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و ئاژەڵی لەگەڵ خۆیدا بردووە.
ئەو ڤیدیۆیانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بۆ دیجیتاڵ میدیای رووداو نێردراون:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ