پارێزەرەکەی: هەفتەی داهاتوو شێروان شێروانی ئازاد دەکرێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری شێروان شێروانی دەڵێت، "رێکارەکانمان تەواو کردوون و هەفتەی داهاتوو ئازاد دەکرێت".
 
شێروان شێروانی یەکێکە لە حوکمدراوانی بادینان، زیاتر لە چوار ساڵە لە زینداندایە و دوای بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نیوە کەمکرایەوە.  
 
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، محەممەد عەبدوڵڵا، پارێزەری شێروان شێروانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاربوو 9ـی مانگ بریگرتەکەم ئازاد بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ رێکارەکانمان تەواو کرد، کە چووم بۆ دادگە دادوەر دەرچووبوو، زانیاریشم هەیە سبەی مۆڵەتی کردووە، بۆیە ئازادکردنی دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
 
داوای ئازادبوونی مەرجدار بۆ شێروان کراوە. پارێزەرەکەی دەڵێت، "تائێستا کەیسەکە لە چاکسازیی گەوران بووە، هێشتا نەچووەتە بەردەم دادوەر."
 
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر، 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. 
 
مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50%  کەمکرایەوە.
 
دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە