رووداو دیجیتاڵ
تادێت تەمەنی ئیدارەکەی راکان سەعید جبووری درێژتر دەبێتەوە، بە ناوی پارێزگارەوە پێشوازی دەکات و دەسەڵاتی تەواوی جێبەجێکردنی پڕۆژە و بڕیاردانی هەیە.
یەکێتی داوای لە سێ هاوپەیمانێتییە عەرەبییەکە کردووە، دەستبەرداری پۆستی پارێزگار ببن و لە بەرامبەردا پۆستی وەزیری دادیان پێ دەدات، بەڵام لایەنە عەرەبییەکان لەسەر مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە رازین و پێشنیازەکەیان رەتکردووەتەوە، ئێستا بە پڕۆژەی دوو ساڵ بە دوو ساڵیش رازی نین.
عەزام حەمدانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەرەبی بە رووداوی راگەیاند، "پێشنیازێک هەیە کە وەزیری داد بدرێتە عەرەب و لە بەرامبەردا پۆستی پارێزگار بە کورد بدرێت، پێم وایە حیزبە سیاسییەکان لە دانوستاندنەکانیان بابەتی لەو شێوەیە دەخەنەڕوو، بەڵام ئەم بابەتە دوو کاردانەوە هەیە، کاردانەوەی شەقامی عەرەبی و کاردانەوەی حیزبە عەرەبییەکان، شەقامی عەرەبی پەیوەستە بە پۆستی پارێزگار و سازشی لەسەر ناکات."
رووداو زانیویەتی لەم هەفتەیەدا هەموو لایەنە سیاسییەکان، کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و سێ قۆڵییان ئەنجامداوە و هیچ رێککەوتن و نزیکبوونەوەیەک لەنێوانیان دروست نەبووە و تەنانەت داواکاریی زیاتریان ئاراستەی یەکدی کردووە.
تورکش عوسمان، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێت، "پێشنیازەکەی بەرەی تورکمانی زۆرترین رازیبوونی نەرمی نواندنی لەسەرە کە داوا دەکات پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن بەشێوەی خول لەنێوان پێکهاتەکان دابەشبکرێت، ئەم تائێستا پەسندە، چونکە لایەنەکان لەسەر داواکارییەکانیان سازش ناکەن."
پێکنەهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک، رەنگدانەوەی لە شەقامی شارەکە دروستکردووە و زۆرینە داوا دەکەن ئەو پرسە چارەسەر بکرێت و نەهێڵدرێت کاریگەری لەسەر پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دروست بکات.
عەلی موحسین، قوتابیی زانکۆیە و دەڵێت، "ئێمە هەموومان براین، کورد، عەرەب و تورکمان، پەیاممان بۆ ئەوانەی دەیانەوێ نێوانمان تێک بدەن، ئەو کێشە نەتەوەییە لە ئێمە دووربخەنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئێمە برای یەکدین و پەیوەندیمان پێیانەوە نییە."
عەلی موفید، قوتابیی زانکۆیە، دەڵێت، "عەرەب حکومڕانیی کردووە، کورد حکومڕانیی کردووە، بەڵام تائێستا دەرفەت بە تورکمان نەدراوە، بۆیە ئومێدەوارین ئەمجارە بە ئێمە بدرێت و دڵنیابن برایەتی دەپارێزین و بە یەکسانی خزمەتی هەمووان دەکەین."
نزیکەی دوو مانگە لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک رێکنەکەوتوون، بۆ کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووش کە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، هێشتا پڕۆژەیەکی هاوبەش دروستنەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ