مونا قەهوەچی: بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین تاوەکو سیستمی کورسیی کۆتامان بۆ دەگەڕێتەوە

12-03-2024
بەختیار قادر
بەختیار قادر
مونا قەهوەچی، جێگری سکرتێری پارتی چاکسازیی تورکمان
مونا قەهوەچی، جێگری سکرتێری پارتی چاکسازیی تورکمان
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

19 حیزب و لایەنی تورکمان و کریستیان بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، پارتەکانیان لیست و بەربژێریان نابێت، بەڵام دەچنە هەڵبژاردن و حیزبی دڵخوازیشیان هەیە بۆئەوەی دەنگی پێبدەن.
 
مونا قەهوەچی، جێگری سکرتێری پارتی چاکسازیی تورکمان دەڵێت، "ئێمە بە یەک دەنگ بڕیارمان دا بایکۆتی هەڵبژاردن بکەین، تاوەکو سیستمی کورسیی کۆتا و ئەو یاسایەمان بۆ دەگەڕێتەوە."
 
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان ئاماژە بەوە دەکات، "دەچینە دەنگدان و دەنگیش دەدەین، روونە کە لە رابردوودا چ حیزبێک لە خەمی پێکهاتەکان بووە، دەنگ بەو حیزبە دەدەین و هیچ کات رۆڵی سەرۆک بارزانی لەبیر ناکەین."
 
لە هەرێمی کوردستان 11 حیزبی تورکمان هەن، بەرەی تورکمانی، تاکە لایەنی سیاسییانە یەکلایی نەبووەتەوە لە بایکۆت یان بەشداربوونی، لە دوو رۆژی داهاتوودا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەن کە بەلای بایکۆتەوە نزیکترن.
 
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی دەڵێت، "ئێمە ئێستا سەیری رەوشەکە دەکەین و ئەو لایەنانەی بایکۆتیان کردووە رێز لە بۆچوونەکانیان دەگرین، ئێستا ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی نیازمانە بەشداریی هەڵبژاردن بکەین، بەڵام بۆ سبەی و دوو سبەی روون نییە کە هەمان باوەڕمان دەبێت یان دەگۆڕێت."
 
لە لایەکی دیکەوە کریستیانەکان، کە نۆ حیزبی سیاسییان لە هەرێمی کوردستان هەیە، سەرجەمیان لە بەرەی بایکۆتن.
 
مەنتی حیکمەت، کریستیانە، دەڵێت، "کریستیانم و هەموو جار دەنگم داوە، ئەم جارەش دەچم و دەنگی خۆم دەدەم بەو هیوایەی بگۆڕێین و بەرەوپێشەوە بڕۆین."
 
لە هەرێمی کوردستان جگە لە کورد، نەتەوە و ئایینی دیکە دەژین، لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا لە رێگەی سیستمی کۆتاوە دەرفەتی نوێنەرایەتییان بۆ رەخسابوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی داهاتوودا پێ دەچێت پەرلەمان ئەو هەمەڕەنگییەی تێدا نەمێنێ و تەنیا کورد نوێنەرایەتییان هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".