رووداو - هەولێر
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی رادەگەیێنێت و دەڵێت، ئەو پرسە پەیوەستە بە ماددەی 140ی دەستوور.
بەپێی بەڵگەنامەیەک لەسەر داوای ئەمین بەکر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی بۆچوونی خۆی لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکان خستووەتەڕوو.
لە نووسراوەکەدا دادگای باڵای فیدراڵی ئاماژە بە چەند ماددەیەکی دەستووری عێراق دەکات و دەڵێت، لە ماددەی (140/دووەم) ناوچەی جێناکۆک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادیدا هاتووە و مادددەی (53/ئەلف) لە یاسای ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناخی راگوزەر سنووری هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، کە تێیدا هاتووە "دان بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەنرێت، بەو پێیەی حکومەتی فەرمی ئەو ناوچانەیە کە پێش 19ی ئاداری 2003 بەڕێوەیبردوون، کە دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا، واتا ئەو خاکەی پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەبردراوە، پێش 19-3-2003".
دادگای فیدراڵی روونکردنەوەی زیاتری لەبارەی هەرێمی کوردستان داوە و دەڵێت "دەستەواژەی هەرێمی کوردستان، کە لە ماددەی (53/ئەلف) هاتووە، لەو یاسایەدا بە مانای ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری هەرێمیی لە هەرێمی کوردستان دێت".
سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێت، ئەو ناوچانە جێناکۆکن کە پێش 19-3-2003 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەنەبراون، کە دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا.
لەبارەی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان، دادگای فیدراڵی رایگەیاندووە "یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن لیژنەیەکی پێکهێنراو دەبێت، بەپێی ماددەی 140ی دەستوور. دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەش لە پسپۆڕیەتی ئەو لیژنەیە دروستکراوەیە بەپێی هەمان ماددە".
پێداچوونەوە: حەکیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ