رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەردەوام دەبن لە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و هەموو ئەو شوێن و کۆمپانیایانەی دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەن، "ژینگەی هەولێر و تەندروستیی هاووڵاتییان، بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرنگترە".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان و جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەت بۆ پاراستنی ژینگەی شارەکە، کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی کرد و رایگەیاند، "رێکاری تووند بەرامبەر هەر کەسێک دەگرینەبەر کە دەبێتە هۆی پیسکردنی ژینگە و سازش لە سەر هیچ شتێک ناکەین کە پەیوەندی بە تەندروستیی هاووڵاتییانەوە بێت."
ئومێد خۆشناو دەڵێت، لە سبەینێوە رێکارەکان تووندتر دەبن، "دوو ساڵ پێش ئێستا نزیکەی 200 پاڵاوگە لە سنووری پارێزگاکە هەبوون، بەڵام لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان دا، زۆرینەیان داخراون بەتایبەت ئەوانەی بوونەتە هۆکاری پیسکردنی ژینگەی شارەکە. تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا، نزیکەی 50 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون."
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راسپێردراوە کە "مەوادی خام" بە هیچ یەکێک لەو پاڵاوگانە نەدات و بازگەکانیش تووندترکراون. گوتیشی، نەک تەنیا پاڵاوگە نایاساییەکان، لێپرسینەوە لە هەموو ئەو پاڵاوگانەی دیکەیش دەکەن ئەگەر ببنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە.
لەبارەی موەلیدە ئەهلییەکان کە هۆکارێکی پیسکردنی ژینگەن، پارێزگاری هەولێر گوتی، بەردەوامن لە گرتنەبەری رێکار بەرامبەر خاوەنەکانیان و پێداچوونەوە بە هەموو موەلیدەکان دەکرێت، هەر کەسێک کە موەلیدەی گەڕەکی هەیە و کارەبا بە هاووڵاتییان دەدات، دەبێت موەلیدەکەی بێدەنگ بکات.
حکومەت لە چەند گەڕەکێکی هەولێر لە رێگەی "پڕۆژەی رووناکی"یەوە کارەبای کردووە بە 24 کاژێری. ئومێد خۆشناو باسی لەوە کرد، تاوەکو ئەو پڕۆژەیە تەواوی گەڕەکەکان دەگرێتەوە، چاودێریی موەلیدەی گەڕەکەکان دەکەن و دەبێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم موەلیدەکان بێدەنگ بکرێن، ئەگەرنا رێکاری تووندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
پارێزگاری هەولێر باسی لەو ئۆتۆمبێلانەش کرد کە هۆکارێکی پیسکردنی ژینگەن و گوتی، پۆلیسی هاتووچۆی شارەکە بەردەوام دەبن لە رێکارەکانیان و لێپرسینەوە لە خاوەنی هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن کە هۆکارێکن بۆ پیسکردنی ژینگە.
لەبارەی وێستگەی هەڵمی خەباتیش گوتی، هەردوو وەزارەتی کارەبا و شارەوانی ئەو گرفتە چارەسەر دەکەن.
لە لایەکی دیکە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.
حکومەت لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "سەرۆکی حکومەت ئاماژەی دا بەوەی پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی رابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە ، ئەرکی هەموو لایەکمانە."
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە "پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا ، بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، رێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر."
چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ