رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ 12-01-2024، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە گوندی سگێرێ لە سنووری ئامێدی دروستبوو تاوەکو ئێستا زیانەکان نەزانراون.
شێروان سەرگەلی، دانیشتووی گوندی سەرگەلێ لە سنووری قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، کاژێر 16:30 ئێوارە لە سۆرا سگێرێ کە خاڵێکی سەربازی تورکیا لێ جێگیرکراوە شەڕەتەقە لە نێوان هێزێکی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە دروستبووە.
بەپێی ئەو ڤیدۆیانەی کە دەست تۆڕی میدیای رووداو کەوتوون، دەنگی تەقەیەکی زۆر لە ناوچەکە دەبیسترێت، بە گوتەی شێروان سەرگەلی شەڕەکە بۆ ماوەی نیو کاژێر بەردەوام بووە کە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە گوندەکەیان دوورە، بەهۆیەوە ترس و دڵەڕاوکێ لەلای هاووڵاتییانی گوندەکە دروستبووە.
تاوەکو ئێستا زیانەکانی شەڕەکە نەزانراون. ئەو ناوچەیە شوێنێکی قەدەخەکراوە کە ماوەیەکە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان لە نێوان هەردوولایان قورستر بوون.
رووبەڕووبوونەوەی و پێکدادانەکانی تورکیا و پەکەکە دوای ئەوە دێت، کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ "تورکیا دوو ئۆتۆمبێلی گەریلاکانی پەکەکە"ـی لە سنووری گوندی دێڕەش بە ئامانج گرت.
بەپێی راگەیێندراوی دژە تیرۆی هەرێمی کوردستان، تورکیا لە نزیک گوندی دێڕەش سەر بە ناحیەی دێرەلووک فڕۆکە بێ فڕۆکەوانی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلی گەریلاکانی پەکەکە بە ئامانج گرتووە کە چەک و تەقەمەنیان پێ بووە و دوو گەریلا بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ