رووداو- سۆران
لە دەڤەری سۆران بە سازدانی فێستیڤاڵێك كە چەند رۆژێك بەردەوامدەبێت، پێشوازی لە رۆژی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەكرێت، جگە لە موسڵمانان هەروەها ژمارەیەك لە كریستانەكانی دەڤەرەكەش بەشداری دەكەن.
بە نزیكبوونەوە لە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، سەنتەری زانایان بۆ چالاكی ئاینی بە هەماهەنگی لقی سۆرانی یەكێتی زانایانی ئاینی فێستیڤاڵێكیان سازكرد، لە فێستیڤاڵەكەدا جگە لە نمایشكردنی چەند وێنەیەك لە رێگای داتاشۆ كە بەشێكبوون لە كەلوپەلە جێماوەكانی پێغەمبەری ئیسلام، چەندین گوتار و سروودی ئاینیش پێشكەشكران.
وەیسی سەعید، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند: "زۆر گرنگە ئەم یادە بە دەرفەت بزانین تاوەكو پەند و وانە لە ژیانی كەسایەتی پێغەمبەر (د.خ) وەربگرین، هەوڵبدەین پەیامی خۆشەویستی و برایەتی پێكەوە ژیان بڵاوبكەینەوە، دووریش بكەوینەوە لە هەموو ئەو تووندو تیژی و كارەتێكدەرانەی كە بەناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەنجامدەدرێن، چونكە پەیامی ئیسلام و پێغەمبەر پەیامی پێكەوەژیانی برایەتییە"
بەوپێیەی سۆران شارێكی فرەڕەنگی ئاینییەو جگە لە موسڵمان، كریستیانیش لە ناوچەكەدا بە رێژەیەكی بەرچاو بوونیان هەیە، بۆرێزگرتن لەم یادە، كریستانەكانی سۆران لە فێستیڤاڵەكەدا ئامادەبوون، هیواخوازیشبوون وەك ئێستا بەشداربن لە یادوبۆنەكانی یەكدیكە و پێكەوە ژیانی ئاینی لە كوردستان و ناوچەكەدا قوڵتربكرێتەوە.
سەرجۆن گۆرگیسی كریستیان دەڵێت "ئێمەش لەگەڵ موسڵمانان بەشداری یادوبۆنەكانی یەكدیكە دەكەین بەوپەڕی ئازادی و برایەتی، لەخواش داواكارم ئەم برایەتی و پێكەوەژیانەمان بپارێزێ".
بۆ حەوتەمین ساڵە لە سۆران فێستیڤاڵی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام سازدەكرێ، ئەم فێستیڤاڵە بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوامدەبێت كە تێیدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێن، ئەوەی لە یەكەم رۆژی فێستیڤاڵەكەدا بەدیدەكرا، جگە لە یادكردنەوەی لەدایكبوونی پێغەمبەر، جەختكردنەوەی زیاتر بوو لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتیانەی كۆمەڵایەتی و ئاینی و دووربوونەوە لەهەر تووندوتیژیەك.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ