رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرژمێری زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 90٪ی کارەکانی تەواو بووە. دەشڵێت، "تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە شایستە داراییەکانی بژمێرەکان دابەشدەکرێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی گوت، "لە پڕۆسەی سەرژمێریدا سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە و پڕۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، لە وادەی خۆیدا واتا 15ـی ئەم مانگە پڕۆسەکە تەواو دەبێت."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری رایگەیاند، "سەرووی 90٪ـی کارەکانی سەرژمێری تەواو بووە، لە زاخۆ تاوەکو خانەقین بژمێرەکان بەردەوامن لە کاری خۆیان."
لەبارەی شایستە داراییەکانی بژمێرەکان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەزووترین کات و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی سەرژمێری تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، کارمەندانی سەرژمێری شایستە داراییەکانی ئەم دوو مانگە وەردەگرن، ئیتر کارەکانیان لەگەڵمان کۆتایی دێت."
مەحموود عوسمان دەڵێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکاریی بژمێرەکان بوون لەکاتی سەرژمێریدا: "لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی کوردستان باشترین شوێن بوو بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی سەرژمێری."
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری، مەحموود عوسمان گوتی، "نزیکەی دوو مانگی پێدەچێت."
سەرژمێریی گشتیی بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە 20 بۆ 22ـی 11-2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. دوای دوو رۆژ و لە 25ـی هەمان مانگ، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماری دانیشتووانی راگەیاند و گوتی، دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسن و 14%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێریی گشتی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا و، بڕیارە تاوەکو 15ـی ئەم مانگە فۆرمی تۆماری خێزان پڕبکرێتەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە خێزانەکان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ